رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە (15ی شوباتی 2026)، سەرکەوتنی "جانتا ئەلیکترۆنییە زیرەکەکەی" راگەیاند لە ئاشکراکردن و دەستبەسەرداگرتنی دەیان قۆپیکردن (گزی) لە چەند قوتابخانەیەکی بەغدا.
بەگوێرەی راگەیێندراوی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، "جانتای تاقیکردنەوەی زیرەک لە کاتی تاقیکردنەوە بەراییەکاندا دەیان قۆپیکردنیلەنێ هۆڵەکانی تاقیکردنەوە لە شاری بەغدا ئاشکرا کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی بە شێوەیەکی مەیدانی بەکارهێنرا و کاراییە بەرزەکەی لە دەستنیشانکردنی ئامێرە قەدەخەکراوەکاندا سەلمێندرا."
ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم ئەنجامانە بە واتای چوونە نێو قۆناخی کارکردنی کرداریی جانتاکە دێت، ئەم هەنگاوەش لە چوارچێوەی پاڵپشتییە تەکنیکی و هەواڵگرییەکانی دەزگاکەیە بۆ وەزارەتی پەروەردە، بە مەبەستی پاراستنی دەستپاکی لە تاقیکردنەوەکان و دابینکردنی هەلی یەکسان بۆ هەموو قوتابیان.
جانتای ئەلیکترۆنیی زیرەک چییە؟
ئەم جانتایە لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە داهێنراوە بۆ بنبڕکردنی قۆپیکردنی ئەلیکترۆنی، بەتایبەت لە تاقیکردنەوەکانی قۆناخە کۆتاییەکاندا. گرنگترین تایبەتمەندییەکانی بریتین لە:
• سیستمێکی پێشکەوتوو: هاوشێوەی جانتاکانی پشکنینی تەقەمەنی دروستکراوە و دەتوانێت هەموو جۆرە ئاماژە (Signal) و ئامێرە ئەلیکترۆنییە قەدەخەکراوەکان لەناو هۆڵەکاندا بدۆزێتەوە.
• هاوئاهەنگی: کارپێکردنی ئەم جانتایانە بە هاوئاهەنگییەکی ورد لەنێوان وەزارەتی پەروەردە و ئاسایشی نیشتمانی ئەنجام دەدرێت.
• کاردانەوەی دەستبەجێ: سیستمەکە توانای هەیە دەستبەجێ ئەو ئامێرانە دیاری بکات کە بۆ قۆپیکردن بەکاردێن، تەنانەت ئەگەر زۆر بچووک یان پێشکەوتووش بن.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر ئەو کەسانە گیراوەتە بەر کە لە کاتی قۆپیکردندا دەستگیرکراون، هەروەها دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق هێڵی گەرمی (131)ی بۆ هاووڵاتییان تەرخان کردووە بۆ تانە لێدان یان ئاگادارکردنەوە لە هەر کەیسێکی گەندەڵی، هەڕەشە یان تاوانێکی ئەلیکترۆنی کە زیان بە پڕۆسەی تاقیکردنەوەکان بگەیەنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ