رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق دوا بڕیار لە بارەى سکاڵایەک دەدات کە لە دژى راگرتنى بەرزە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان تۆمارکراوە، کە بەر لە هەشت ساڵ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارى راگرتنى درا.
دادگەى فیدراڵى رۆژى یەکشەممە، 17ى ئادارى 2024ى دیاریکردووە بۆ بڕیاردان لەبارەى ئەو سکاڵایە دژ بە راگرتنى پلە بەرزکردنەوە و بەرزە موووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان.
سکاڵاکە لەلایەن نۆ فەرمانبەرى هەرێمى کوردستانەوە تۆمارکراوە لە دژى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، وەزیرى دارایی و ئابوورى هەرێمى کوردستان.
سکاڵاکاران داوا دەکەن سکاڵالێکراوان ناچار بکەن بە جێبەجێکردنى تەواوەتى یاسایى ژمارە 22ى ساڵى 2008ى مووچەى فەرمانبەرانى دەوڵەت و کەرتى گشتى و هەڵوەشاندنەوەى ئەو بڕیارەى دەرکراون بۆ راگرتنى بەرزە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان.
لە یەکى کانوونى دووەمى 2016، بەگوێرەى رێنماییەکى وەزارەتى دارایی و ئابووریی حکومەتى هەرێمى کوردستان پلە بەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان راگیرا، بەڵام ئەو بڕیارە وەزارەکانى پێشمەرگە و ناوخۆ و ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى نەگرتووەتەوە.
لەگەڵ پلە بەرزکردنەوەى فەرمانبەراندا بڕێک پارە دەچێتە سەر مووچەکانیان کە پێى دەگوترێت بەرزە مووچە، ماوەى ئەو پلە بەرزکردنەوەیە چوار ساڵ جارێک بۆ سەرەوەیە.
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى تۆڕى میدیایی رووداو دەستى کەوتوون، لە کۆبوونەوەى رابردووى دادگەى فیدراڵى لەسەر ئەو دۆسیەیە کە لە 25ی مانگی رابردوو بوو، وەڵامى وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵى پێگەیشتووە کە پێشتر دادگە لێى کردووە لەبارەى بەرزە مووچە و پلە بەرزکردنەوەى فەرمانبەران لە عێراق کە چۆنە، ئایا راگیراوە یان بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ