رووداو دیجیتاڵ
پێنجشەممە یەکەم کاروانی حاجیانی عێراق بە رێگەی وشکانی بەرەو سعودیە بەڕێکەوتن، کە ژمارەیان لە 4,581 زیارەتکارە.
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 15ی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە یەکەم کاروان لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەوە بە رێگەی وشکانی لە دەروازەی سنووری عەرعەرەوە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج بە رێکەوتن.
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەو پاسانەی سەردانیکاران دەگوازنەوە و ژمارەیان 192 پاسە، لەلایەن وەزارەتەکەیانەوە دابین کراون، هەروەها هەموو ئاسانکارییەک کراوە، بۆ ئەوەی سەردانیکاران بە هێمنی و سەلامەتی گەشتی ماڵی خودا بکەن.
بە گوێرەی راگەیێندراوی دەستەی حەج و عومرەی عێراق، رۆژی پێنجشەممە یەکەم کاروان دەروازەی وشکانی سنووری عەرعەری تێپەڕاند، کە ژمارەیان 4,581 زیارەتکار بوو.
دەستەی حەج و عومرەی عێراق دەڵێت، هەموو پاسەکان "جی پی ئێس"یان بۆ دانراوە بەمەبەستی ئاگاداربوون لە جوڵەیان، هەر لە بەڕێکەوتنەوە تاوەکو دەگەنە ماڵی خودا و دواتر بەجێگەیاندنی فەریزەکان.
هەروەها بۆ یەکەمجارە لە مێژووی کاری دەستەی حەج و عەمرە لە نێو پاسەکان وایفای ئینتەرنێت دابینکراوە، هەر کە گەیشتنە نێو خاکی سعودیە کارا دەبێت. پرۆسەی رێگەی وشکانی تاوەکو 23ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
محەممەد عادل، گوتەبێژی تەندروستیی پارێزگای دیالە، دوێنێ چوارشەممە 14ی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تیمەکانی پزیشکی و تەندروستیی، بە ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتنیشەوە، بە درێژایی رێگەی ناردنی حاجییان لە سنووری ئیداریی پارێزگای ئەنباردا دابەشکراون، کە لە بازگەی سقوور دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە هەردوو دەروازەی سنووریی عەرعەر و نخێب، بۆ پێشکێشکردنی پشتیوانیی تەندروستیی دەستبەجێ و وەڵامدانەوەی خێرا بۆ هەر دۆخێکی لەناکاو."
رۆژی 8ی ئەم مانگە یەکەم کاروان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداوە، بەڕێدەکەوت و پڕۆسەکە تاوەکو 28ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
لە هەرێمی کوردستانیش بە گوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە، رۆژی 16ـی مانگ یەکەم کاروانی رێگەی وشکانی حاجییان بەڕێدەکەون و رۆژی 19ـی هەمان مانگیش گەشتی ئاسمانیی حاجییان بۆ سعودیە دەستپێدەکات و تاوەکو 28ـی مانگ بەردەوام دەبێت.
ئەم ساڵ نزیکەی 34 هەزار کەس لە پارێزگاکانی عێراق حەج دەکەن و لە هەرێمی کوردستانیش پێنج هەزار و 120 کەس دەچنە حەج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ