رووداو دیجیتاڵ
لە دوێنێوە شاندێکی کەمپی مەخموور لە نزیک بەغدا دەستگیر کراون، بەرپرسێکی نێو کەمپەکە دەڵێت، یەک مانگە بەغدا گەمارۆی خستووەتەسەر کەمپەکەمان و شاندەکە بۆ چارەسەری ئەو کێشە چووبوون.
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، رۆژی 13ـی ئەم مانگە، شاندێکی پێنج کەسی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی کەمی پەنابەرانی (شەهید رۆستەم جوودی) لە مەخموور، بۆ کۆبوونەوەیەک چوونەتە وەزارەتی داد لە بەغدا، دوێنێ لەکاتی دەرچوونیان لە بەغدا، لەلایەن هێزێکەوە دەستگیر کراون.
پێنجشەممە بەرپرسێکی لەنێو کەمپی مەخموور بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زیاتر لە مانگێکە و لە 10ـی نیسانەوە حکومەتی عێراق گەمارۆی خستووەتەسەر کەمپەکەمان و رێگەی هاتووچۆی هیچ کەسێک نادەن، نە کرێکارێک بچێت بۆ کار و نە نەخۆشێک بۆ نەخۆشخانە، بۆ چارەسەری ئەو کێشانە شاندێکمان چووە وەزارەتی دادی عێراق".
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، شاندەکە لە بەغدا لەگەڵ خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق گفتوگۆیان کردووە و داوایان کردووە، رێگەی هاتووچۆیان پێبدرێ، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە.
بەرپرسەکەی کەمپی مەخموور گوتی، "شەش ساڵە لە هەولێرەوە رێگەی هاتووچۆی دانیشتووانی کەمپەکەمان نادرێت، مانگێکە لە بەغداشەوە، لەکاتێکدا پرۆسەیەکی ئاشتی دەستیپێکردووە دەبوو هەولێریش قەدەخەکەی لابردایە، نەوەکو بەغداش قەدەخەی هاتووچۆمان بکات".
کەمپی مەخموور، دانیشتووانەکەی پێی دەڵێن کەمپی (شەهید رۆستەم جوودی)، لە ساڵی 1998ـەوە لە بناری چیای قەرەچووخ لە رۆژهەڵاتی مەخموور بۆ پەنابەرانی کوردی باکووری کوردستان دروستکراوە و دانیشتووانەکەی نزیکەی 10 هەزار کەسن، لە ماوەکانی رابردوو بە پاساوی شوێنی پێگەیاندنی ئەندامی پەکەکە، تورکیا چەند جارێک بۆردوومانی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ