رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئەو پۆستەی سڕییەوە کە لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردبووەوە. ئەمەش دوای ئەوەی ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رەخنەی تووندی لێگرت.
رۆژی چوارشەممە، 14ی ئایاری 2025، ئیسماعیل قائانی و قاسم ئەعرەجی لە بەغدا کۆبوونەوە.
دواتر ئەعرەجی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاندبوو کە لەو کۆبوونەوەیەدا باسیان لە "پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران و هەوڵی هاوبەش کردووە بۆ پاراستنی سنوور و قۆناخەکانی جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات."
هەروەها ئەعرەجی ئاماژەی بەوەشکردبوو: "هەردوولا جەختمان لە گرنگیی سەرکەوتنی دانوستاندنی نێوان واشنتن و تاران کردەوە، لەگەڵ پابەندبوونی هەموو لایەک بە دیالۆگ و هێورکردنەوە بۆ گەیشتن بە سەقامگیریی بەردەوام لە ناوچەکەدا."
بەڵام جۆ ویڵسن، کۆنگرێسمانی ئەمریکا، لە پۆستێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئێکس، بە تووندی هێرشی کردە سەر ئەعرەجی و نووسی: "قاسم، دڵنیام چێژت وەرگرتووە لە دیداری گەورەکەت، سەرۆکی سوپای پاسدارانی تیرۆریستی، دامەزرێنەری میلیشیا تیرۆریستییەکەی خۆت، بەدر. وانە لە سووریا و یەمەن و لوبنان وەربگرە و پێش ئەوەی درەنگ بێت دەستبەرداری ئێران بە، ترەمپ چاکی دەکاتەوە."
هەروەها ویڵسن ئیمۆجییەکی بە تەنزەوە لەگەڵ پۆستەکەیدا هاوپێچ کردبوو و ئاماژەی بە پۆستە بنەڕەتییەکەی ئەعرەجی کردبوو (پێش سڕینەوەی).
دوای ماوەیەکی کەم لەم پۆستەی ویڵسن، قاسم ئەعرەجی پۆستەکەی خۆی لەبارەی کۆبوونەوەکە سڕییەوە.
رۆژی 19ی ئاداری 2023 لە بەغدا، عێراق و ئێران کۆنووسێکی ئەمنیی هاوبەشیان واژۆکردبوو کە بە "رێککەوتنی ئەمنی" ناسراوە، بۆ هاوئاهەنگی پاراستنی سنووری هاوبەشی نێوانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ