رووداو دیجیتاڵ
قەرەباڵخییەکی زۆر لە بەندەری ئوم قەسر دروست بووە، سەدان بارهەڵگر راگیراون و ملیۆنان دۆلار زیان بە بازرگانان گەیشتووە، ئەویش بەهۆی ناردنی بەڵگەنامەی بارەکان بۆ بەغدا، کە دوو هەفتەیان پێدەچێت تاوەکو دەگەڕێندرێنەوە.
حامی ساڵح، خاوەنی یەکێک لە کۆمپانیاکانی گواستنەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، 15ی ئەیلوولی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، مانگێکە کێشەیەکی گەورە لە بەندەری ئوم قەسر لە پارێزگای بەسرە دروست بووە و بەهۆیەوە سەدان بارهەڵگر راگیراون و ناتوانن بارەکانیان بگوازنەوە.
بەسرە تاکە دەروازەی ئاوییە، عێراق لە رێگەی ئاوییەوە بە جیهانی دەرەوە دەبەستێتەوە.
حامی ساڵح، ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی ئەم دۆخەوە ملیۆنان دۆلار زیان بە بازرگانان گەیشتووە. هەندێک لەو بارهەڵگرانەی مانگا و مەڕوماڵاتیان بارکردبوو، بەهۆی مانەوەی زۆر و برسێتی و تینوێتییەوە، ئاژەڵەکانیان مرداربوون و میوەکانیش خراپ بوون.
حامی ساڵح، کێشەکەی بۆ چەند هۆکارێک گەڕاندەوە:
یەکەم: گۆڕینی بەڕێوەبەری بەندەرەکە، دوای گۆڕینی بەڕێوەبەری بەندەرەکە، بڕیارێکی نوێ دەرکراوە کە بەگوێرەی ئەو بڕیارە، دەبێت بەڵگەنامەی بارەکان بۆ پەسندکردن رەوانەی بەغدا بکرێن و دواتر بگەڕێندرێنەوە بۆ بەندەرەکە، ئینجا رێگەیان پێدەدرێت دەربچن ئەوەش کاتێکی زۆری پێدەچێت تاوەکو دەگەڕێتەوە.
دووەم: گۆڕینی کۆمپانیای خزمەتگوزار: پێشتر کۆمپانیایەکی ئوردنی ئەرکی رێکخستنی کاروباری هاوردەکردن و رێکخستنی ئۆتۆمبێلەکانی لەئەستۆ بوو، بەڵام ئێستا بە کۆمپانیایەکی عێراقی سپێردراوە کە بە گوتەی ساڵح، کارەکانی بە رێکوپێکی بەڕێوە نابات و ئەمەش قەرەباڵخییەکەی زیاتر کردووە.
سێیەم: کۆبوونەوەی ژمارەیەکی زۆری بارهەڵگر: بەهۆی راوەستانیان بۆ ماوەیەکی درێژ، ژمارەیەکی زۆری بارهەڵگر لە بەندەرەکەدا کۆبوونەتەوە و رێڕەوی هاتووچۆیان داخستووە، ئەمەش دەرچوونیانی ئەستەم کردووە.
ئەم دۆخە نالەبارە نیگەرانییەکی زۆری لەنێو بازرگانان و شۆفێرانی بارهەڵگرەکاندا دروست کردووە و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن بە زووترین کات چارەسەرێکی بەپەلە بۆ کێشەکەیان بدۆزنەوە.
سەرچاوەیەک لە دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 15ـی ئەیلوولی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا بارەکان دوادەکەون، پێویستە بەڵگەنامەکان بگەڕێنەوە بەغدا بۆ دڵنیابوونەوەی زیاتر تاوەکو دەگەڕێتەوە 10 بۆ 15 رۆژی پێدەچێت، ئەوەش وایکردووە بارەکان و دەرچوونی بارهەڵگرەکان دوابکەون.
ئەسیکۆدا، شێوازێکی نێودەوڵەتیی بەڕێوەبردنی گومرگە، بازرگانیی دەرەکی تێدا رێکخراوە و زانیاری لەسەر جۆرى کاڵا بازرگانییەکان دەستەبەر دەکات، ئەوە جگە لە ئاسانکاریی رێوشوێنەکانی گواستنەوەی کاڵا. هەر وڵاتێکى بەشدار سیستمی تایبەت بە خۆی دەبێت.
ئەو کۆمپانیایانەی ئەو کۆدەیان هەیە، دەتوانن لە دەروازە سنوورییەکانی عێراقەوە کاڵا بە نرخی فەرمی دۆلار هاوردە بکەن کە 132 دینارە بۆ هەر دۆلارێک.
بەگوێرەی نووسراوێکى بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی عێراق، کە دەست رووداو کەوتووە، 1ی ئەیلوول دوا وادە بوو بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان زانیارییەکانیان لەنێو سیستمی ئەسیکۆدا نوێ بکەنەوە، ئەگەرنا لە کارکردن رادەگیرێن.
ئامانج لەو هەنگاوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی عێراق، وردبینیکردنە لە ناسنامەی باج و هاوردەکردنى کۆمپانیاکان، بۆئەوەی کۆمپانیاکان ناچار بکرێن ئەو باجانەی لەسەریانە پاکتاوی بکەن.
108 وڵات و ناوچەی جیهان کار بە سیستمی رێوشوێنی بازرگانی ئەسیکۆدا دەکەن کە زۆرینەیان لە کیشوەری ئەفریقا و ئەمریکای باشوورن، بەڵام تاوەکو ئێستا لەنێوان هەولێر و بەغدا، رێککەوتنی کۆتایی نەکراوە بۆ ئەوەی ئەو سیستمە لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان کاری پێ بکرێت.
ئەو کۆمپانیایانەی کۆدی نێو سیستمی ئەسیکۆدایان هەیە، جگە لەوەی خۆیان کاڵا هاوردە دەکەن، دەتوانن کاڵا بۆ ئەو کۆمپانیا و خاوەنکارانەی دیکەش هاوردە بکەن کە لەنێو ئەو سیستمە نین، ئەوەش بەرامبەر بە سوودێک کە لە کڕینی دۆلار بە نرخی فەرمی لە بانکی ناوەندی دەستیان دەکەوێ.
عێراق 17 دەروازەی سنووری وشکانی و دەریایی هەیە لەگەڵ یەکەی گومرگی لە هەر چوار فڕۆکەخانەی بەغدا، بەسرە، کەرکووک و نەجەف کە ئەسیکۆدای تێدا جێبەجێ دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ