ئایا جێى بەربژێرە کوژراوەکەى بەغدا پڕ دەکرێتەوە؟

15-10-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەو بەربژێرەى هاوپەیمانیى سەروەرى کە لە بەغدا کوژرا، دەکرێت بە بڕیارێکى کۆمیسیۆن جێگەکەی پڕبکرێتەوە، بەڵام ئەگەر جێگەى پڕنەکرایەوە، ئەو دەنگانەى لە هەڵبژاردن بەدەستى دەهێنێت رادەگیرێت.
 
سەفا مەشهەدانى، بەربژێرى ژمارە 26ى لیستى هاوپەیمانیى سەروەرى لە بەغدا، بەیانى ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ى تشرینى یەکەمى 2025، بەهۆى تەقینەوەى بۆمبێکى لکێنراو بە ئۆتۆمبێلەکەیدا لە ناوچەى تاڕمیەى باکوورى بەغدا کوژرا و چوار لە پاسەوانەکانیشى بریندار بوون.
 
حەسەن قەبەس، ئەندامى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "لیستى ئەو بەربژێرە دەتوانێت داواکارى پێشکێش بە کۆمیسیۆن بکات بۆ ئەوەى بەربژێرێکى دیکە بەگوێرەى رێکارەکانى گۆڕینى بەربژێران لەجێگەى دابنرێت، بەوپێیەى دۆخێکى لەناکاوە و ئەو پرسە پێویستى بە بڕیارى ئەنجوومەنى کۆمیسیارانە کە پێشتریش گۆڕینى لەو جۆرە هەبووە."
 
پێشتر لە 10ى تشرینى یەکەمى 2025، ئەنجوومەنى کۆمیسیاران بڕیاریدا سیهام سلێمان لە هاوپەیمانیی تەفەوق لە ئەنبار لە جێگەى ئیبتیسام عەباس، بەربژێری هاوپەیمانیی تەفەوق دابنێت، کە سێ رۆژ بەر لەوە کۆچى دوایى کرد.
 
حەسەن قەبەس رایگەیاند: "ئەگەر بەربژێرى جێگرەوە لەجێگەى دانەنرێت، ئەو دەنگانەى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بەدەستى دەهێنێت، رادەگیرێت و هەژمار ناکرێت."
 
هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە 11ى تشرینى دووەمى 2025 دەکرێت. زیاتر لە حەوت هەزار بەربژێر رکابەرایەتى دەکەن بۆ بەدەستهێنانى 329 کورسى پەرلەمان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشێک لەو مۆرانەی دەستیان بەسەردا گیراوە

لە دەروازەیەکی عێراقدا دەست بەسەر 240 مۆری ناوی دەرماندا گیرا

لە دەروازەی سنووریی ترێبلی عێراق دەست بەسەر 240 مۆری ناوی دەرماندا گیرا، کە هەوڵ دەدرا لە رێگەیانەوە دەرمانی بەرهەمهێندراوی نێوخۆیی بکرێتە دەرمانی براندی جیهانی