یونامى بۆ عێراق: لێکۆڵینەوەیەکى بەپەلە لە کوژرانى سەفا مەشهەدانى بکەن

15-10-2025
هەردی عەزیز
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردنى عێراق (یونامى) سەرکۆنەى کوژرانى سەفا مەشهەدانى، بەربژێرى لیستى هاوپەیمانیى سەروەرى لە بەغدا کرد و داواى لە دەسەڵاتداران و حکومەتى عێراق کرد لێکۆڵینەوەیەکى "بەپەلە و روون" لەو رووداوە بکەن.
 
رۆژى چوارشەممە، 15ى تشرینى یەکەمى 2025، یونامى لە راگەیێنراوێکدا سەرکۆنەى کوژرانى ئەو بەربژێرەى کردووە کە هاوکات ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى بەغدا بوو.
 
سەفا مەشهەدانى ئەمڕۆ بەهۆى تەقینەوەى بۆمبێکى لکێنراو بە ئۆتۆمبێلەکەیدا لە ناوچەى تاڕمیەی باکوورى بەغدا کوژرا و چوار لە پاسەوانەکانیشى بریندار بوون.
 
یونامى داواى لە دەسەڵاتدارانى عێراق کردووە "لێکۆڵینەوەیەکى بەپەلە و روون لەبارەى رووداوەکە بکەن بۆ سزادانى ئەنجامدەرانى ئەو تاوانە".
 
سەفا حوسێن یاسین عەبدوڵڵا مەشهەدانى، بەربژێرى ژمارە 26 بوو لە لیستى هاوپەیمانیى سەروەرى لە بەغدا کە هاوپەیمانییەکى سوننەکانە و خەمیس خەنجەر سەرۆکایەتى دەکات.
 
دواى رووداوەکە، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکان، تیمێکى کاری هاوبەشى هونەریی تاوانکاری و لیژنەیەکى باڵاى لێکۆڵینەوەى بە سەرپەرشتیی راستەوخۆى فەرماندەى ئۆپەراسیۆنەکانى بەغدا پێکهێنا بۆ ئاشکراکردنى وردەکارییەکانى رووداوەکە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە