عێراق
سەرۆکى فەرمانگەى کاروباری وڵاتانى دراوسێ بەوەکالەت لە وەزارەتى دەرەوەی عێراق یاداشتى ناڕەزاییەتى دەداتە هەڵسوڕێنەرى کاروبارى باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى دەرەوەى عێراق لەبارەى هێرشەکانى سەر هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان، هەڵسوڕێنەرى کاروبارى باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا بانگهێشت دەکات و یاداشتێکى ناڕەزایەتى رادەست دەکات، هاوکات باڵیۆزى عێراق لە تاران بانگکرایەوە بۆ راوێژکردن لەبارەى ھێرشەکانى سەر هەولێر.
رۆژی 16ى کانوونى دووەمى 2024، وەزارەتى دەرەوەى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەدا کە ئەبوفەزڵ عەزیزى، هەڵسوڕێنەرى کاروبارى باڵیۆزخانەی ئێرانى لە بەغدا بانگهێشتى ئەو وەزارەتە کردووە و لەلایەن محەممەد رەزا حوسێنی، سەرۆکى فەرمانگەى کاروباری وڵاتانى دراوسێ بەوەکالەت لە وەزارەتى دەرەوە، یاداشتێکى ناڕەزاییەتى پێدراوە.
بانگهێشتکردنى ئەو بەرپرسەى ئێران لە عێراق دواى ئەو هێرشانە بوو کە شەوى 15ى کانوونى دووەم لەلایەن سوپاى پاسدارانى ئێران کرایە سەر هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، لەو یاداشتەدا وەزارەتى دەرەوەى عێراق سەرکۆنەى ئەو "دەستدرێژییانە"ى کردووە کە کراونەتە سەر هەولێر.
لە یاداشتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەو دەستدرێژیانە پێشێلکردنى ئاشکراى سەروەریى عێراقن و دژی بنەماکانى دراوسێیەتی و یاساى نێودەوڵەتین و هەڕەشە لە ئاسایشى ناوچەکە دەکەن.
شەوى رابردوو ئێران بە دە مووشەک هێرشیکردە سەر هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان کە نیوەیان بەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری هەولێر کەوتن. لە ئەنجامدا 4 کەس گیانیان لەدەستدا و 16 کەسی دیکەش برینداربوون.
هەر ئەمڕۆ سێشەممە، 16ى کانوونى دووەم وەزارەتى دەرەوەى عێراق، نەسیر عەبدولموحسین باڵیۆزى عێراقى لە تارانى پایتەختى ئێران بانگکردەوە.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى وەزارەتى دەرەوە، بانگکردنەوەى باڵیۆزى عێراق لە تاران بۆ راوێژکردنە لەبارەى ھێرشەکانى سەر هەولێر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ