رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، خواستیان ئەوەیە هاریکارییەکى پتەویان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا هەبێت و پەیوەندییەکانیان لە هەموو بوارەکاندا فراوان بکەن، بەتایبەت لە بوارى ئابوورى. گوتیشى: "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا دامەزراوەییە و لەسەر بنەماى رێککەوتنى چوارچێوەى ستراتیژییە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەممەد شیاع سوودانى رایگەیاند، توانیویانە عێراق دووربخەنەوە لە گۆڕەپاتى ململانێکە و پێویستیان بە دیالۆگى زیاترە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان و رۆڵبینین لە سەقامگیریى ناوچەکە.
ئەو گوتانەى سەرۆکوەزیرانى عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا بوو لەگەڵ کەناڵى سکاى نیوزى بەریتانی، کە لە کاتى سەردانەکەیدا بۆ ئەو وڵاتە لەگەڵیدا ئەنجامیداوە.
سوودانى رایگەیاند، زیاتر لە ساڵێکە پشێوی لە ناوچەکە و دەریاى سوور، لوبنان، سووریا هەیە و یەکدى بۆردوومانکردن هەبووە کە رۆژهەڵاتى نێوەڕاستى خستە دۆخێکى دوودڵى بۆ بەرپابوونى جەنگێکى گشتگیر.
ئەو هەڵوێستانەى سەرۆکوەزیرانى عێراق دواى ئەوە بوو کە 15ى کانوونى دووەمى 2025 رێککەوتنى ئاگربەست لە نێوان بزووتنەوەى حەماسى فەلەستینى و سوپاى ئیسرائیل بۆ راگرتنى شەڕ لە غەززە راگەیێنرا.
محەممەد شیاع سوودانى گوتى: "ئاگربەست هەنگاوێکى پێشوازی لێکراوە، سەرەڕاى ئەوەى دواکەوت و قوربانى و وێرانکاریى زۆری لێکەوتەوە، عێراق هەوڵیدا ئەو جەنگە رابگرێت و نەتانیاهو کارى لەسەر ئەوە دەکرد درێژەى پێبدات" .
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ