رووداو دیجیتاڵ
گرووپێکی چەکداریی عێراقی سەر بە مقاوەمەی ئیسلامی رایگەیاندووە، ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ بەشداری لە "جەنگی رەوا" هاوشانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژی هاوپەیمانیی "زایۆنی - ئەمریکی." جەختیش دەکاتەوە، لێدانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە کارە لەپێشینەکانیان دەبێت.
گرووپی 'سەرایا ئەولیا دەم' لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، ئاماژە بەوە دەکات، "لە سایەی پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و ئەو ئاڵۆزییانەی رووبەڕووی ئێران دەبنەوە، ئامادەیی تەواومان بۆ دەستپێکردنی جەنگ دژی هاوپەیمانیی زایۆنی - ئەمریکی هەیە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەوان وانە لە رووداوەکانی کەربەلا و ئیمام حوسێن وەردەگرن و پێیان وایە، "ئەو جەنگەی ئێستا لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت، بێلایەنی و ناوەندگیری قبووڵ ناکات، بەڵکو تاقیکردنەوەی هەڵوێستەکانە."
سەبارەت بە هەڵوێستیان بەرامبەر ئەمریکا، سەرایا ئەولیا دەم دەڵێت، "خۆمان لە ریزی پێشەوەی هێزەکان دەبینین بۆ لێدانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و لەم پێناوەدا هیچ درێخییەک ناکەین. هەر کەسێک وا بیربکاتەوە لەو جەنگە بەدوور دەبێت، لە هەڵەدایە."
گرووپەکە بەرگریکردن لە ئێران وەکو "جیهادێکی فەرز" ناو دەبات و دەڵێت، "ئێران کەعبەی ئومێدی چەوساوەکانی جیهانە."
گرووپی سەرایا ئەولیا دەم یەکێکە لە گرووپە چەکدارە شیعییەکان لە عێراق و بۆ یەکەمجار لە هاوینی ساڵی 2020 و چەند مانگێک دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس دەرکەوت.
ئەم گرووپە بەرپرسیارێتی هێرشە موشەکییەکەی 15ی شوباتی 2021ی سەر شاری هەولێر و بنکەی سەربازیی ئەمریکایان لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر گرتە ئەستۆ. لەو هێرشەدا بەڵێندەرێکی مەدەنی کوژرا و چەند کەسێکی دیکە و سەربازێکی ئەمریکی بریندار بوون. دواتر دژە تیرۆری کوردستان دانپێدانانی کەسێکی بڵاوکردەوە کە پەیوەندییان بەو گرووپەوە هەبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ