مالیکی بۆ بەربژێربوون چاوەڕێی حەکیم و خەزعەلییە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رکابەریی نێوان هاوپەیمانانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ یەکلاکردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیرانى عێراق، لە نێوان نووری مالیکی و هەردوو رەوتی حیکمە و عەسائیبی ئەهلی هەقدایە، کە تاوەکو ئێستا لەسەر بەربژێربوونی یەکلانەبوونەتەوە.
 
دوای کشانەوەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە کێبڕکێی پۆستی سەرۆکوەزیران لە بەرژەوەندیی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، رکابەریی نێو هاوپەیمانانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی تووندتر کردووەتەوە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پۆستە..
 
ئەبوو میساق مەساری، ئەندامی سەرۆکاییەتی رێکخراوی بەدر بە رووداوی راگەیاند، لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی جگە لە رەوتی حیکمە و عەسائیبی ئەهلی حەق، رازین بەوەی نووری مالیکی ببێتە بەربژێری سەرۆکوەزیران، ئەوانیش تێبینییان لەسەر خودی خۆی نییە، بەڵام چاوەڕێی بەرچاوڕوونیی زیاتر دەکەن.
 
ئەبوو میساق مەساری گوتی: "بڕیارە دووشەممە (19ـی کانوونی دووەم) چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە ماڵی هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسی بەربژێری سەرۆکوەزیران و ئەگەر پێویستیش بوو ئەگەر هەیە کۆبوونەوەکە پێشتر بخرێت."
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، عەسائیبی ئەهلی هەق بە سەرۆکایەتى قەیس خەزعەلی، 28 کورسی و هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی بە سەرۆکایەتى عەممار حەکیم 18 کورسییان بەدەستهێنا.
 
ئەحمەد عیساوی، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیران یەکلا نەبووەتەوە و چاوەڕێی یەکلابوونەوەی پۆستی سەرۆککۆمارین، تێڕوانینی ئێمە وایە دەبێت ئەو بەربژێرە پەسندکراوی ناوخۆیی و دەرەکی بێت و قبووڵکراو بێت."
 
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە زیاتر لە 180 کورسیی پەرلەمانی عێراقی هەیە، بۆ یەکلاکردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیران پەنای بۆ مەرجەعیەتی باڵا بردووە، بەڵام وەڵامەکە یەکلاکەرەوە نەبووە.
 
ئەبومیساق مەساری رایگەیاند، پرسیارێک لە رێگەی عەبدولهادی حەکیمەوە لە مەرجەعیەت کراوە و وەڵامەکە ئاماژە بۆ ئەوە بووە کە "دەست وەرنادەن."
 
پێشتر مەرجەعییەت لە ساڵی 2014 رێگر بوو لەوەی نووری مالیکی بۆ جاری سێیەم ببێتەوە سەرۆکوەزیران، لەپێناو هاتنەدی گۆڕانکاری.
 
ئەحمەد عیساوی دەڵێت: "وەڵامی ئەمجارەی مەرجەعیەت پرسەکەی نە بە ئەرێنی و نە بە نەرێنی یەکلا نەکردووەتەوە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گرووپە چەکدارەکانی عێراق هەڕەشە لە ئەمریکا دەکەن

گرووپە چەکدارەکانی عێراق هەڕەشە لە ئەمریکا دەکەن: هێرش بکرێتە سەر ئێران، بێدەنگ نابین

لەگەڵ چڕبوونەوەی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران، عێراق خۆی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدا دەبینێتەوە. گرووپەکانی ناو "بەرەی مقاوەمە" بە راشکاوی رایدەگەیێنن کە لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناو خاکی عێراق دەکەنە ئامانج و رێگەنادەن خاک و ئاسمانی وڵاتەکەیان دژی تاران بەکاربهێندرێت.