پەرلەمانی عێراق هەڵگرتنی پارێزبەندیی سەر پەرلەمانتاران قورس دەکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یەکێک لەو هەموارانەی پەرلەمانی عێراق لە پەیڕەوی ناوخۆدا دەیکات، قورسکردنی دەنگدانە بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی سەر پەرلەمانتار، بە جۆرێک لە سێیەکەوە دەکرێتە دوو لەسەر سێ.
 
ئەو پێشنیازە لە کۆبوونەوەی 15ی شوباتی پەرلەمانی عێراق، لەلایەن هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانەوە کراوە.
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشنیازەکە دەخرێتە نێو هەمواری پەیڕەوی ناوخۆ و هۆکارەکەشی بەهێزکردنی پارێزبەندیی سەر پەرلەمانتارە، بۆ ئەوەی بە ئاسانی پارێزبەندی لە ئەندامی پەرلەمان وەرنەگیرێتەوە و بدرێتە دادگە.
 
پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی یاسایی کاتیی پێکهێناوە بۆ هەموارکردنی پەیڕەوی ناوخۆ، تێیدا گۆڕانکاری لە ژمارەی لیژنەکان و چەند بڕگەیەکی دیکە دەکات و دواتر لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرێت.
 
بەگوێرەی مادەی 20ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق، نابێت هیچ پەرلەمانتارێک دەستگیربکرێت ئەگەر تۆمەتبار نەبووبێت بە تاوانێک و  بە زۆرینەی رەهای دەنگی ئەندامانی پەرلەمان پارێزبەندیی لەسەر هەڵنەگیرابێت.
 
زۆرینەی رەها 166 دەنگی ئەندامانی پەرلەمانە. بەگوێرەی پێشنیازە نوێیەکە، هەڵگرتنی پارێزبەندی دەبێت بە دوو لەسەر سێی دەنگی پەرلەمانتاران بێت کە دەکاتە 220 دەنگ.
 
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەندێک لە پەرلەمانتاران لەوە دەترسن لەکاتی کاری پەرلەمانتاریدا پارێزبەندییان لێ وەربگیرێتەوە، ئەو هەنگاوەش بۆ ئەوەیە بتوانن چاودێری بەسەر وەزارەتەکانەوە بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە