رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی هێزەکانی سنووری عێراق رایگەیاند، دوو هەوڵی بەقاچاخبردنی بڕێکی زۆر لە مادەی هۆشبەریان لە رێگەی "باڵۆنەوە" لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار پووچەڵکردووەتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی فەرماندەیی هێزەکانی سنوور کە ئەمڕۆ دووشەممە، 16ی شوباتی 2026 بڵاوکراوەتەوە، مەفرەزەکانی فەوجی دوو لە لیوای شەش و فەوجی سێ لە لیوای پێنجی هێزەکانی پاسەوانی سنوور، لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا توانیویانە لە رێگەی کامێرای گەرمیبینەوە دوو باڵۆنی هەوایی دەستنیشان بکەن و دەستی بەسەردا بگرن، کە لە سنوورەکانی رۆژئاوای ئەنبارەوە رەوانەی نێو خاکی عێراق کرابوون.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هێزەکان توانیویانە باڵۆنەکان بهێننە خوارەوە و دوای پشکنین دەرکەوتووە کە یەکێکیان 32 کیلۆگرام و ئەوەی دیکەیان 25 کیلۆگرام مادەی هۆشبەریان هەڵگرتبوو، کە کۆی گشتییەکەی دەکاتە زیاتر لە 311 هەزار حەبی هۆشبەر.
ئەمە یەکەمجار نییە قاچاخچییەکان رێگەی جیاواز بۆ گواستنەوەی مادەی هۆشبەر لە سنوورەکانی عێراق بەکاردەهێنن. مانگی رابردووش لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوشێوەدا هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە پارێزگای ئەنبار رێگرییان کرد لە دزەپێکردنی زیاتر لە 37 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر بۆ نێو خاکی عێراق لە رێگەی باڵۆنەوە.
عەمید میقداد میری، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەشێکی زۆری ئەو باڵۆنانەی مادەی هۆشبەریان هەڵگرتووە و دەنێردرێنە نێو ئاسمانی عێراق، لە سووریاوە هەڵدەدرێن."
میقداد میری گوتیشی، "لەماوەکانی رابردوودا چەندین جار ئۆپەراسیۆنمان لەنێوخۆی سووریا هەبووە بۆ بنبڕکردنی ئەو بابەتە."
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی عێراق، تاوەکو 25ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ 1201 تۆڕی بازرگانیی مادەی هۆشبەر هەڵبوەشێننەوە کە 1030 تۆڕیان نێوخۆیی و 171 تۆڕی نێودەوڵەتی بوون. هەروەها دەستیش بەسەر 14 تۆن و 20 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ