پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و ژمارەی لیژنەکان بۆ 20 لیژنە کەم دەکرێنەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر هەمواری پەیڕەوی ناوخۆ و دیاریکردنی ئەرکی لیژنەکان کۆدەبێتەوە. پەرلەمانتارێک ئاشکرای دەکات، ژمارەی لیژنە هەمیشەییەکان لە 25ـەوە بۆ 20 لیژنە کەم دەکرێنەوە.
 
بڕیارە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی سبەی سێشەممە 17-02-2026، پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە. بەگوێرەی کارنامەکە، دانیشتنەکە سێ تەوەر لەخۆدەگرێت: دەنگدان بە هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی تایبەت بە لیژنەکان؛ دەنگدان لەسەر ناو و ئەرکی لیژنەکان و گفتوگۆی گشتی.
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بۆ هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق و دەستکاریکردنی لیژنەکان، پێشتر لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیی عەدنان فەیحان، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامیێتیی سەرۆک فراکسیۆنەکان پێکهێنرابوو؛ لیژنەکە کارەکانی تەواو کردووە و لە دانیشتنی سبەیدا دەنگ لەسەر هەموارەکە دەدرێت."
 
سەبارەت بە گۆڕانکارییەکان لە پێکهاتەی لیژنەکاندا، دووبەردانی گوتی، "لە خولی رابردووی پەرلەماندا 25 لیژنەی هەمیشەیی هەبوون، بەڵام بەگوێرەی هەموارە نوێیەکە ژمارەیان کراوەتە 20 لیژنە. گۆڕانکاری بەسەر ناوی هەندێک لیژنەدا هاتووە و هەندێکی دیکەشیان تێکەڵ کراون، سبەی دەنگ لەسەر ناو و ئەرکەکانیان دەدرێت."
 
لەبارەی کاتی دەستبەکاربوونی پەرلەمانتاران لەناو لیژنە نوێیەکاندا، شێروان دووبەردانی ئاماژەی بەوە کرد، لە دانیشتنەکەی سبەیدا پەرلەمانتاران بەسەر لیژنەکاندا دابەش ناکرێن و "ئەو پڕۆسەیە دەخرێتە دانیشتنەکانی داهاتووی پەرلەمان."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە