قاسم ئەعرەجی: پشتیوانی لە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەکەین

16-03-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دەڵێت، "16ی ئاداری 1988 رۆژێکی نەهامەتبار و زۆر بەئازارە" و ئاماژە بەوەش دەکات، وەکو حکومەت پشتیوانی لە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەکەن.
 
رۆژی شەممە 16ی ئاداری 2024 قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە رێوڕەسمی تایبەت بە ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە کە لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق رێکخرابوو، قسەی بۆ میدیاکان کرد، کە تۆڕی میدیایی رووداو ئامادەی بوو.
 
قاسم ئەعرەجی گوتی، "16ی ئاداری 1988 رۆژێکی نەهامەتبار و زۆر بە ئازارە کە تێیدا نزیکەی 5000 هاووڵاتی عێراق لە شاری هەڵەبجە بوونە قوربانی، دوای ئەوەی لەلایەن رژێمی پێشوو بە چەکی کیمیایی هێرشی کرایەسەر. ئەو کارە بە هەموو پێوەرەکان سەرکۆنە کرا و، دژی مافی مرۆڤ و مرۆڤایەتییە."
 
رۆژی 16ی ئاداری 1988 شاری هەڵەبجە لەلایەن دەسەڵاتی ئەو کاتی عێراقەوە کیمیاباران کرا و لە ئەنجامدا نزیکەی پێنج هەزار هاونیشتمانی شارەکە شەهید بوون و زیاتر لە 10 هەزاری دیکە بریندار بوون.
 
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق گوتی، "پێویستە بەردەوام بین لە یادکردنەوەی ئەم یادە، قەرەبووی کەسوکاری ئەو شەهیدانە بکرێتەوە کە تائێستا قەرەبوو نەکراونەتەوە."
 
قاسم ئەعرەجی گوتیشی، "پشتیوانی لەوە دەکەین کە هەڵەبجە ببێتە پارێزگا، ئەوەش وەک رێزگرتنێک لەو شەهیدانەی کە لە کورد و عەرەب و عێراقی تێیدا بوونە قوربانی؛ ئەوانە جێگەی رێزی هەموو گەلی عێراقن."
 
پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، تەنیا دەنگدانی ماوە، بەڵام تائێستا نەخراوەتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە