رووداو دیجیتاڵ
تیروپشک بۆ بەربژێرە هاودەنگەکان، پڕکردنەوەی کورسى بەتاڵى بەربژێرى سەرکەوتوو لە لیستەکەى و هەژمارکردنى بەربژێرى ژنى دەرچوو بە دەنگى خۆى لەسەر رێژەى کۆتا، دیارترین ئەو رێکارانەن کە کۆمیسیۆن بۆ دابەشکردنى کورسی و گۆڕینى بەربژێرانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق پەسندى کردوون.
بەگوێرەى ئەو رێکارە، دەنگى بەربژێران بۆ دیاریکردنى براوە لەسەر بنەماى سیستمى سانتلیگۆى 1.7 دەبێت و لیستەکان بەگوێرەى دابەشکاریى دەنگەکان پشکیان لە کورسی ئەو بازنەیە دەبێت کە رکابەرى تێدا دەکەن.
ئەو رێکارە لە 12ى ئایار لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیارانەوە پەسند کراوە.
ئەگەر دوو لیست هەمان دەنگیان هەبێت بۆ بەدەستهێنانى کورسیى ماوە لە بازنەکەیاندا، تیروپشکیان بۆ دەکرێت بۆ یەکلاکردنەوەى کورسییەکە، هەمان رێکار بۆ دوو بەربژێرى هاودەنگى نێو لیستێکى دیاریکراویش دەکرێت.
329 کورسیى پەرلەمانى عێراق بە گوێرەى 18 بازنە دابەش کراون، کە زۆرترینى لە بەغدایە و 71 کورسییە، کەمترینیشی لە موسەننایە، کە حەوت کورسییە.
لە رێکارەکەدا هاتووە پێویستە لە هەموو بازنەیەکدا 25%ى بەربژێرە سەرکەوتووەکانى ژن بن، ئەگەر لە بازنەیەک بەربژێرێکى ژن بە دەنگى خۆى سەربکەوێت، پرۆسەى جێگرەوەى نابێت بۆ ئەوەى بەرژێرى دیکەى ژن زیاد بکرێت کە دەنگى کەمتری هەیە و رێژەى ژنان پڕدەبێتەوە، بەڵام ئەگەر رێژەى ژن بەو بەربژێرانە پڕنەبێتەوە کە بە دەنگى خۆیان دەرچوون، پەنا بۆ لابردنى بەربژێرێکى پیاو دەبرێت، کە دەنگى پێویستى بەدەستهێناوە، بەڵام دەبێت لە هەمان ئەو لیستە بێت، کە بەربژێرە پیاوەکەی لێ کشێندراوەتەوە.
حەسەن هادى، ئەندامى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە رووداوى رایگەیاند: "ژماردنى دەنگەکان و جێگۆڕکێى ئەندامانى پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمان هاوشێوەى ئەو رێکارەیە کە لە ھەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى 2023 پەیڕەو کراوە."
لەبارەى کورسى کۆتاکانەوە، لە رێکارەکاندا هاتووە، ئەگەر بەربژێرێکى ئەو پێکهاتانە لە نێو لیستەکان سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، کاریگەرى نابێت لەسەر ژمارەى کورسیى کۆتاکان کە وەک بەربژێرى لیستى سەربەخۆ رکابەرى لەسەر دەکرێت، سەرکەوتنى بەربژێرى کۆتاى پێکهاتەکان بەگوێرەى بەدەستهێنانى زۆرترین دەنگ دەبێت و ئەگەر دوو بەربژێرى کۆتا دەنگیان یەکسان بوو، تیروپشکیان بۆ دەکرێت.
کریستیانەکان پێنج کورسى کۆتایان هەیە کە لە بەغدا، نەینەوا، دهۆک، هەولێر و کەرکووک، ئێزدى و شەبەک یەکى یەک کورسیان لە نەینەوا هەیە و کورسیەکیش بۆ کوردانى فەیلی لە پارێزگاى واست تەرخان کراوە.
ئەگەر کورسیەکى پەرلەمان بەهەر هۆکارێک بەتاڵ بێت، بەربژێرێکى دیکە لە لیستەکەى جێگەى دەگرێتەوە، کە لە نێو سەرنەکەوتووەکان زۆرترین دەنگى بەدەستهێناوە، ئەگەر کورسییە چۆڵبووەکە بۆ کورسى کۆتای ژن بێت، پێویستە لە لیستەکەى بەربژێرێکى دیکەى ژن جێگەى بگرێتەوە کە زۆرترین دەنگى لە نێو سەرنەکەوتووەکان بەدەستهێناوە.
وەرگرتنى لیستى بەربژێران لە 25ى ئایار تاوەکو 24ى حوزەیران بەردەوام دەبێت بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، کە بڕیارە لە 11ى تشرینى دووەمى ئەمساڵ بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ