رووداو دیجیتاڵ
پەروەردەى یەکێک لە پارێزگاکانى عێراق داوا دەکات بۆ رادەستکردنى کارتى بەشدارى لە تاقیکردنەوەى وەزاریی شەشى ئامادەیی داواى کارتى بایۆمەترى دەنگدان لەو قوتابیانە بکرێت کە دەتوانن دەنگ بدەن. بەرپرسێکى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان ئاماژە بەوەدەکات کە ئەوە داواکارى ئەوان بووە، بەڵام دەڵێت بۆ "هاندانە و ئارەزوومەندانەیە".
بەگوێرەى نووسراوێک، کە بەڕێوەبەرایەتیى پەروەردەى پارێزگاى بابل ئاڕاستەى قۆتابخانەکانى ئامادەیی و دواناوەندى کردووە، بە پاڵپشت بە نووسراوێکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان داوای کردووە بۆ پێدانی کارتى بەشداربوون لە تاقیکردنەوەی وەزارى پۆلی شەشى ئامادەیی، داواى کارتى دەنگدانیان لێ بکەن.
رۆژی 16ى ئایارى 2025 عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە رووداوى راگەیاند، ئەو نووسراوەى کۆمیسیۆن ناردوویەتى بۆ هاوکاریکردن و هاندانى قوتابیانە بۆ دەرهێنانى کارتى بایۆمەترى دەنگدان، کارەکەش ناچاری نییە و ئارەزوومەندانەیە.
لە 25ى ئادارى 2025 کۆمیسیۆن دەرگاى نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەرانى کردەوە و 23ى ئایار دوا رۆژە بۆ ئەو نوێکردنەوەیە، بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى عێراق یەکەمجارە لە دایکبووانى ساڵى 2007 بتوانن دەنگ بدەن.
عیماد جەمیل گوتى: "ئەو داواکارییە لە رێگەى وەزارەتى پەروەردەوە بۆ ئەوە بووە قوتابیانى لە دایکبووى ساڵى 2007 کارتى دەنگدان دەربهێنن هەرچەندە ژمارەیان کەمە کە لە پۆلى شەشى ئامادەییبن و قوتابیانى ئەو قۆناخە بۆ ئەمساڵ لە دایکبووى ساڵى 2008 دەبن، تیمى گەڕۆکمان هەیە بۆ قوتابخانەکان تاوەکو لەوێ کارتى دەنگدان دەربهێنن."
تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، 29 ملیۆن هاووڵاتی لە عێراق و هەرێمى کوردستان مافى دەنگدانیان دەبێت، بەڵام ئەوانە دەتوانن بەشداربن لە هەڵبژاردن کە کارتى بایۆمەتریى دەنگدانیان هەیە و کارتەکە مەرجى بەشداریکردنە لەو دەنگدانەدا، کە بڕیارە لە 11ـى تشرینى دووەمى ئەم ساڵ بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ