بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا داوای مافی پەنابەری لە 'کۆمارەکەی بەشیر' دەکات

16-06-2021
ئەحمەد تەڵعەت
نیشانەکردن جۆی هود ئەحمەد بەشیر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەحمەد بەشیر پێشکێشکاری بەنێوبانگی بەرنامەی تەنزئامێزی 'بەشیر شۆ' لەگەڵ جۆی هود، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبووەوە، گفتوگۆیەکی گاڵتەئامێز لە تویتەر لە نێوان هەردوولا هەبوو.
 
ئەکاونتی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وێنەی جۆی هود و ئەحمەد بەشیری بڵاوکردووەتەوە، دەڵێ هود لەگەڵ سەرۆک ئەحمەد کۆبووەوە بۆ ئەوەی داوای مافی پەنابەری لێ بکات لە کۆماری بەشیر، لە بەرامبەردا ئەحمەد بەشیر وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای داوەتەوە و بە گاڵتەوە نووسیویەتی: "جۆی ئازیز، داواکارییەکەت بۆ مافی پەنابەری لە کۆماری بەشیر لەژێر هەڵسەنگاندن دایە، لە هەر بڕیارێک بەمزووانە ئاگادارت دەکەمەوە، سەرۆک بەشیر..".
 
گفتوگۆی نێوان هەردوولا لە تویتەر کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، کەسێک لە تویتەر نووسیویەتی تەنانەت ئەمریکاش دانی بە کۆمارەکەی بەشیردا ناوە.
 
ئەحمەد بەشیر پێشکێشکاری بەرنامەی تەنزئامێزی بەشیر شۆیە، هەوادار و بینەری زۆری هەیە، بە تەنزەوە رەخنە لە سەرکردە و بەرپرس و کەموکوڕییەکانی وڵاتەکەی دەگرێت یەکێک بوو لەوانەی پشتیوانی خۆپێشاندانی گەنجان بوو لە ساڵی 2019دا.
 
 بەشیر لەو رۆژانەدا بۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی نووسیوە روودەکاتە ئەوانەی خۆپێشاندەران سەرکوت دەکەن و دەڵێ: "ئێوە دەمانکوژن ئێمەش دەتانکەین بە نوکتە".
 
کۆماری بەشیر ناونیشانی هەژماری بەرنامەکەی بەشیرە لە تویتەر ملیۆنێک و 100 هەزار فۆڵۆوەرزی هەیە، خۆیشی لە تویتەر ملیۆنێک و 600 هەزار فۆڵۆوەرزی هەیە و یەکێک لەوانەی زۆربەی گەنجانی عێراقی بە تامەزرۆییەوە سەیری پرۆگرامەکەی دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە