رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چەندین بڕیاری لە بوارەکانی ئابووری، پەروەردە، وزە و خزمەتگوزاری دا. محەممەد شیاع سوودانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بازرگانیشی راسپارد رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخ لە مانگی رەمەزاندا بکەن.
رۆژی سێشەممە، 17ـی شوباتی 2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرۆکایەتیی حەوتەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی کرد. لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سوودانی پیرۆزبایی هاتنی مانگی رەمەزانی لە موسوڵمانان کرد.
گرنگترین بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە:
چاودێریی بازاڕ و نرخ:
سوودانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بازرگانی راسپارد کە بە وردی چاودێریی نرخ لە بازاڕەکان لە مانگی رەمەزاندا بکەن و رێگری لە هەر هەوڵێکی قۆرخکاری یان بەرزکردنەوەی نایاسایی نرخ بکەن.
دەرماڵەی خزمەتی زانکۆ:
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیازێکی لەبارەی دەرماڵەی خزمەتی زانکۆیی پەسند کرد. بەپێی هەموارە نوێیەکە، دەرماڵەکە تەنیا ئەو فەرمانبەر و مامۆستایانە دەگرێتەوە کە بەپێی "پێویستیی راستەقینە" لە ناوەندەکانی خوێندن کاردەکەن.
بەپێی بڕیاری نوێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لەمەودوا بەخشینی دەرماڵەی خزمەتی زانکۆیی بۆ تەرخانکراوان لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و دامەزراوە حکومییەکانی دیکە، تەنیا لەسەر بنەمای پێویستیی راستەقینە دەبێت.
بەپێی هەموارەکە، دەرماڵەی خزمەتی زانکۆیی لەم کەسانە رادەگیرێ:
یەکەم: ئەو فەرمانبەرانەی بڕیاری فەرمیی "تەرخانکردن"یان بۆ دەرنەچووە.
دووەم: ئەو مامۆستایانەی کە میلاکی وانەگوتنەوەی دیاریکراویان بۆ پلە زانستییەکەیان تەواو نەکردووە.
سێیەم: هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان کە مەرجەکانی ئەندامێتیی دەستەی وانەگوتنەوەیان تێدا نییە.
هاوکات بۆ رێکخستنی شێوازی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیی نوێنەرێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئەندامێتیی وەزارەت و دەستە پەیوەندیدارەکان. ئەرکی ئەم لیژنەیە ئامادەکردنی رێنماییە نوێیەکان دەبێت بۆ چۆنییەتی تەرخانکردنی زانکۆیی و دابەشکردنی دەرماڵەکان بە شێوەیەکی یاسایی و دادپەروەرانە.
کەرتی تەندروستی و سووتەمەنی:
وەزارەتی نەوت راسپێردرا کە بە شێوەی قەرز سووتەمەنی (گازوایل و بەنزین) بۆ سەرجەم دامەزراوە تەندروستییەکان دابین بکات، تێچووەکەشی لە بودجەی 2026دا جێگیر بکرێ.
پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی:
بڕیاردرا بە سەپاندنی باجی گومرگی بە رێژەی 20% لەسەر هاوردەکردنی پەرداخی کاخەزی بۆ 4 ساڵ، ئەم بڕیارەش دوای 120 رۆژ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
کەرتی نەوت و گاز:
رەزامەندی دا لەسەر رێککەوتنی نێوان کۆمپانیای "لوک ئۆیل" و کۆمپانیای نەوتی بەسرە بۆ گواستنەوەی کارەکانی کێڵگەی نەوتی "قورنەی رۆژئاوا 2" بۆ لایەنی عێراقی؛ هەروەها بڕیاردرا بە داشکاندنی 60% لە نرخی پاشماوەکانی پاڵاوتن بۆ پاڵپشتیی کەرتی پیشەسازی.
سیستمە زیرەکەکان و گۆڕانی دیجیتاڵی:
ئەنجوومەنی وەزیران دەسەڵاتی دایە وەزارەتەکانی کارەبا و گەیاندن بۆ جێبەجێکردنی سیستمی "پێوەری زیرەک" و واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان بۆ قۆناخی دووەمی پڕۆژەکە.
هەر کۆبوونەوەکەدا، چەندین بڕیاری دیکە سەبارەت بە پڕۆژە نیشتەجێبوونەکانی فەرمانبەرانی وەزارەتی لاوان و وەرزش و رێکخستنی کارە بانکییەکانی بانکی رافیدەین پەسند کران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ