رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، هیچ مەترسییەکی جیدی بۆ سەر سنوورەکانی عێراق نییە و دڵنیایی دا هاوئاهەنگییەکی ئاستبەرز لە نێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک هەیە.
سەباح نوعمان، ئەمڕۆ یەکشەممە 18-1-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند : "لە بنەڕەتدا هیچ مەترسییەکی جیدی بۆ هاتنی رێکخراوی داعش بۆ نێو خاکی عێراق لە ئارادا نییە؛ ئەوەش بەهۆی ئامادەیی تەواوی هێزە ئەمنییەکان، کۆنترۆڵکردنی تووندی سنوورەکان و بەردەوامیی هاوئاهەنگییە هەواڵگرییەکان."
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، جەختی لە گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر کردەوە و گوتی: "هاوئاهەنگییەکی باش لە نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو ئاستەکاندا هەیە، بەتایبەتی لە بواری ئەمنی، هەواڵگری و پاراستنی سنوورە نێودەوڵەتییەکانی عێراق، ئەمەش رێگرە لەبەردەم هەر هەڕەشەیەک کە بەهۆی شەڕەکانی نێو خاکی سووریاوە دروست ببێت."
سەباح نوعمان، لەبارەی دۆخی نێوخۆی سووریا و کاریگەریی لەسەر عێراق، ئاماژەی بەوە کرد ئەو ناوچانەی ئێستا شەڕ و ململانێیان تێدایە، "دوورن لە شریتی سنووریی عێراق"، بۆیە هیچ مەترسییەکی کردەیی بۆ سەر وڵات دروست ناکەن.
دوو رۆژە شەڕ لە نێوان سوپای عەرەبیی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات بەردەوامە ، هەرچەندە فەرماندەی گشتیی هەسەدە رایگەیاند لە دێر حافر و مەسکەنە هێزەکانیان دەکشێننەوە، بەڵام بەبێ رێککەوتنی پێشوەختە سوپا هێرشی کردەسەر شەڕڤانان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ