رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر لە پەیامێکدا هۆشداری دەداتە لایەنە سیاسییەکان ململانێکانیان وەلا بنێن چونکە "مەترسییەکی گەورە" لە سنووری سووریاوە رووی لە عێراقە، هاوکات داواش لە هەرێمی کوردستان دەکات دەستوەردانی راستەوخۆ لە دۆخی سووریا نەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2026، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعەکان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا نووسیویەتی:" قسەکردن لەگەڵتان ئازارم دەدات، بەڵام عێراق لە ئێوە ئازیزتر و بەنرخترە".
سەدر داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات ململانێکانیان رانگرن و ئاوڕێک لەو مەترسییانە بدەنەوە لە دەوریان دەخولێنەوە، چونکە وەکو ئەو دەڵێ:"خوا و مێژوو رەحمتان پێ ناکەن ئەگەر عێراق لەدەست بدەن".
"دۆخی سووریا و مەترسیی تیرۆر"
لەبارەی بە پێشهاتەکانی سووریا رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعەکان هۆشداری دەدات و دەڵێت: "ئەوەی لە سووریا و نزیک سنوورەکانی عێراق روودەدات، بابەتێک نییە بە سادەیی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بەڵکو دەبێت زۆر بە جیدی وەربگیرێت".
سەدر سێجار لە نووسینەکەیدا وشەی " دەستبەجێ"ـی بەکارهێناوە بۆ پاراستنی سنوورەکانی عێراق و دەڵێت :" مەترسییەکە نزیکە و تیرۆر لەلایەن زلهێزەکانی جیهانەوە پشتیوانی دەکرێت"
پەیامی سەدر بۆ هەرێمی کوردستان
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، موقتەدا سەدر روو دەکاتە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان (کە خۆی بە هێزەکانی باکووری عێراق ناوی هێناون) و دەڵێت: "ئامۆژگاریی هێزە سیاسییەکانی باکووری عێراق دەکەم دەستوەردانی راستەوخۆ نەکەن، چونکە ئەوە دەبێتە پاساو بۆ تیرۆر تاوەکو خاکی عێراق و پیرۆزییەکانمان پێشێل بکەن".
سەدر پەیامەکەی بە نزاکردن بۆ پاراستنی عێراق و سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا لە مەترسیی تووندڕۆیی کۆتایی پێهێناوە و لە کۆتاییدا هاشتاگێکی نوێی بەکارهێناوە و نووسیویەتی، "عێراق لە ئەستۆتانە"
ئەم پەیامەی سەدر دوای گەیشتن بە رێککەوتنی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی دێت، رێککەوتنەکە کە لە 14 بڕگە پێکدێت، تێیدا بڕیار دراوە هەسەدە بەرەو رۆژهەڵاتی فورات بکشێتەوە و پارێزگەکانی دێرەزوور و رەققە بە تەواوەتی رادەستی حکومەتی سووریا بکرێن.
لە یەکێک لە خاڵەکاندا هاتووە، "هەسەدە پابەند دەبێت بە دەرکردنی هەموو سەرکردە و ئەندامە ناسووریاییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ دەرەوەی سنوورەکانی کۆماری عەرەبیی سووریا بۆ دڵنیابوونەوە لە سەروەری و سەقامگیریی ناوچەیی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ