کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا لەبارەی کشانەوەی هاوپەیمانان: راوێژکارانی ناتۆش بکشێنەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە یەکەمین کاردانەوەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە چەند بنکەیەکی عێراق، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا داوای کشانەوەی راوێژکارانی ناتۆش دەکات.
 
رۆژی یەکشەممە 18ـی کانوونی دووەمی 2025، ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا لە پەیامێکدا گوتی: "پشتڕاستکرایەوە هێزەکانی داگیرکەری ئەمریکی لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و بنکەی عەین ئەسەد کشاونەتەوە، قۆناخی دواتر کشانەوەی یەکجارەکی دەبێت لە فڕۆکەخانەی بەغدا و باکووری عێراق (هەرێمی کوردستان) و پڕۆسەکە ئەمساڵ تەواو دەبێت".
 
هەرچەندە وەلائی باسی هەرێمی کوردستانی کردووە بۆ کشانەوە، بەڵام هێشتا هەرێمی کوردستان هیچ شتێکی نەگوتووە، پێشتریش هاوشانی سوننە رازی نەبووە بە کشانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق لەبەر مانەوەی مەترسی تیرۆر.
 
ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا هۆشداری دەداتە ئەمریکا و  بە لایەنێکی "ناجێگیر و بێ متمانە" 
 
رەتکردنەوەی هێزەکانی ناتۆ
 
ناتۆ نزیکەی 500 کارمەند و راهێنەری سەربازی لە عێراق هەیە و لە ساڵی 2018 لەسەر داوای عێراق لە وڵاتەکە جێگیربوون.
 
ئەبو ئالا وەلائی دژایەتی خۆی بۆ مانەوەی هەر هێزێکی بیانی "لەژێر ناوێکی دیکەدا" راگەیاندووە و دەڵێت: "ئەم کشانەوەیە دەستکەوتێکە بە هەوڵ و خوێن بەدەستهاتووە، بۆیە قبووڵ ناکەین بە بوونی هێزێکی تێکەڵاو لەژێر ناوی راوێژکارانی ناتۆ یان هەر ناوێکی دیکە، ئەو دەستکەوتە لەدەستبدرێت یان بشێوێنرێت".
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، لیژنەی باڵای سەربازی بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانانی بڵاوکردەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، پڕۆسەی دەرچوونی راوێژکارانی هاوپەیمانان لە سەرجەم ئەو بنکە و بارەگایانەی دەکەونە سنووری دەسەڵاتی فیدراڵی (نێوەڕاست و باشووری عێراق) تەواو بووە، دوایین ژمارەی راوێژکارەکان لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد و بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کشاونەتەوە و ئێستا ئەو شوێنانە بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی هێزە عێراقییەکاندایە.
 
هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2014ەوە لەسەر داوای فەرمیی حکومەتی عێراق و بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراق جێگیرکران. ئەمریکا سەرۆکایەتی هاوپەیمانێتییەکە دەکات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە