رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لە عێراق 'خەڵاتی تولیپ بۆ مافەکانی مرۆڤ 2024'ی بەخشییە لقی کوردستانی عێراقی رێکخراوی CPTی ئەمریکی. خەڵاتەکە لەپێناو کارکردن و بەرگریکردنیانە لە مافەکانی مرۆڤ و ئەو هەوڵانەی لەو بارەیەوە دەیدەن.
رۆژی سێشەممە 18ی شوباتی 2025 باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لە بەغدا بە سەرپەرشتیی جانێت ئەلبێردا، باڵیۆزی وڵاتەکە لە عێراق، رێوڕەسمێکی بۆ خەڵاتکردنی لقی هەرێمی کوردستانی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT) سازکرد.
خەڵاتی تولیپ بۆ مافەکانی مرۆڤ، خەڵاتێکی ساڵانەیە و لە ساڵی 2008ـەوە لەلایەن حکومەتی هۆڵەنداوە بە داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ دەدرێت، پاڵپشتی لەو کەسانە دەکات کە لەو بوارەدا کار دەکەن. هەر کەس و لایەنێک خەڵاتەکە بباتەوە، وەکو پاڵپشتییەک بڕی 100 هەزار یۆرۆشی لەلایەن حکومەتی هۆڵەنداوە پێدەدرێت.
لە دەستپێکی رێوڕەسمەکەدا جانێت ئەلبێرتا گوتارێکی پێشکێش کرد، ستایشی کارەکانی رێکخراوەکەی کرد و گوتی، لقی کوردستانی عێراقی رێکخراوی سی پی تی "لەنێو 5 بەربژێری دیکە لە تەواوی جیهان، لە ئەفریقاوە بۆ ئەمریکای لاتین و ئەورووپا، هەڵبژێردراوە."
هەروەها باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ رێکخراوەکە دەربڕی و ئاماژەی بەوەش کرد، دەیانەوێت بە خەڵاتکردنی رێکخراوی سی پی تی، رێز لە هەموو ئەو کەسانە بنێن کە بەهۆی چالاکییە سەربازییەکان لە هەرێمی کوردستان زیانیان بەرکەوتووە.
لە رێوڕەسمەکەدا، جانێت ئەلبێرتا خەڵاتەکەی پێشکێش بە کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی رێکخراوی سی پی تی کرد.
کامەران عوسمان گوتارێکی بەناوی رێکخراوەکە پێشکێش کرد و تێیدا سوپاسی باڵیۆزخانەی هۆڵەندای لە بەغدا و کۆنسووڵخانەی هۆڵەندا لە هەولێر کرد.
کامەران عوسمان گوتیشی، "خەڵاتەکە داننانە بە ئازاری خێزانەکان، جووتیارەکان، گوندنشینەکان و کۆمەڵگەکانی نزیک سنوورەکان و تەواوی باکووری عێراق، کە چەندین دەیەیە بەرگەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و بۆمبارانە بەردەوامەکانی تورکیا و ئێرانیان گرتووە."
رێکخراوی سی پی تی راپۆرت لەبارەی ئەو زەرەر و زیانانە بڵاودەکاتەوە کە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا و ئێران رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە.
بە گوتەی رێکخراوەکە، تیمەکەیان لە هەرێمی کوردستان لە سێ کەس پێکهاتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ