رووداو دیجیتاڵ
پاسێک کە عومرەکارانی لە عێراقەوە بۆ سعودیە گواستووەتەوە، "جگەرەی قاچاخی"لەگەڵ خۆی بردووە و ئاشکرا بووە، بەو هۆیەوە دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق رێوشوێنی یاسایی لە دژی شۆفێرەکە دەگرێتەبەر، کە کوردە.
رۆژی چوارشەممە، 18ـی شوباتی 2026، دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق لە راگەیێنراوێکدا بڵاویکردەوە و ئەو پاسەى عومرەکاران لە رێگەدا بووە بۆ سعودیە و لە دەروازەی عەرعەر راگیراوە.
دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق رایگەیاند، پاسەکە سەر بە کۆمپانیای "دار خەزرا" بووە و شۆفێرەکەش ناوی (ک، م) بووە و بڕێک جگەرەی قاچاخی پێ بووە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو دەستی کەوتووە، شۆفێرەکە کوردە و ئێستا لەگەڵ عومرەکارەکان لە ناو خاکی سعودیەیە.
دەستەی باڵای حەج و عومرە رایگەیاند، ئەو هەڵسوکەوتە سەرپێچییەکی گەورەی رێکار و رێنماییە کارپێکراوەکان و پێشێلکردنی رێوشوێنە یاساییەکانی عێراق و سعودیەیە، کە دەبێت پابەندییان هەبێت، ئەو رێکارەی گیراوەتەبەر بۆ رێگرییە لە دووبارەبوونەوەی.
بەگوێرەی زانیارییەکانى رووداو، گەشتی عومرەکاران بۆ سعودیە کە نزیکەی دوو هەفتە دەخایەنێت، ئەوانەی جگەرەکێشن پێویستیان بەوەیە جگەرە لەگەڵ خۆیان ببەن، بەڵام لە بازگەکانی سعودیە رێگەی پێنادەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ