دادگەی فیدراڵی تاوتوێی سکاڵایەک دژی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەکات

18-06-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق یەکەم دانیشتنی خۆی بکات بۆ تاوتوێکردنی ئەو سکاڵایەی دژی یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە تۆمار کراوە. لە بەرامبەردا، نوێنەرێکی هەڵەبجە جەخت دەکاتەوە کە رێکارەکان یاسایین و سکاڵاکە رەتدەکرێتەوە.
 
بەگوێرەی بەرنامەی کار، ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی حوزەیرانی 2025، دادگەی فیدراڵی یەکێک لە کەیسەکانی  سەیری ئەو سکاڵایە دەکات، لەلایەن ئەمیر کامل مەعمووری، کە خۆی بە پەرلەمانتاری سەربەخۆ ناودەبات، دژی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق تۆمار کراوە.
 
مەعمووری لە سکاڵاکەیدا داوا دەکات مەرسوومی کۆماریی تایبەت بە دامەزراندنی پارێزگای هەڵەبجە بە نادروست لە قەڵەم بدرێت. هەروەها داوای دەرکردنی "فەرمانسالاری" دەکات بۆ راگرتنی جێبەجێکردنی یاساکە تاوەکو سکاڵاکە یەکلایی دەبێتەوە.
 
لەمبارەیەوە، چرۆ حەمەشەریف، نوێنەری هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ی حوزەیرانی 2025، بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی راگەیاند، "هەموو رێکارەکانی دەرکردنی یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە یاسایین، هیچ کێشە و گرفتێکی نییە. دڵنیاین دادگە سکاڵاکە رەتدەکاتەوە."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 13ی ئاداری 2025 بڕیارەکەی دەرکرد. دوای نزیکەی دەیەیەک، پەرلەمانی عێراق لە 14ی نیسانی 2025 یاسای "دامەزراندنی پارێزگای هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان"ی پەسند کرد و دواتر لە 29ی نیسانی 2025، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، مەرسوومی کۆماریی بۆ یاساکە دەرکرد.
 
لە ساڵی 2013دا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژە یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی پێشکێشی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد و لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسندکرا. 10 ساڵ دواتر و لە کابینەی محەممەد شیاع سوودانی، پڕۆژە یاساکە درایەوە پەرلەمانی عێراق.
 
پەرلەمانی عێراق لە 14ی نیسانی 2025 یاسای "دامەزراندنی پارێزگای هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان"ی پەسندکرد و دواتر لە 29ی نیسانی 2025، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، مەرسوومی کۆماریی بۆ یاساکە دەرکرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە