رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کارەبای عێراق بەوەکالەت راگەیاند، عێراق تۆڕی کارەباکەی بە وڵاتانی ناوچەکە دەبەستێتەوە و لە قۆناخی یەکەمدا 500 مێگاوات کارەبا وەردەگرن، هەروەها گوتیشی، "لە باشترین دۆخدا 5٪ـی کێشەی کارەبای عێراق چارەسەر ناکات".
عادل کەریم، وەزیری کارەبای عێراق بە وەکالەت لەبارەی پشكی هەرێمی کوردستان لەو کارەبایەی لە وڵاتانی کەنداوەوە بۆ عێراق دێت لە بوولتەنی کاژێر 12ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، راگەیاند، "جێگەی داخە [کارەبای] هەرێمی کوردستان نەبەستراوەتەوە بە هێڵی عێراقەوە".
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ عادل کەریم، وەزیری کارەبای عێراق بە وەکالەت:
رووداو: ماوەیەکی زۆرە عێراق و سعودیە لەسەر بەستنەوەی تۆڕی کارەبای عێراق بە سعودیە لە گفتوگۆدابوون و لە کۆتاییدا بە ئەنجام گەیشت، وردەکاریی رێککەوتنەکە چییە و سوودی بۆ عێراق چی دەبێت؟
عادل کەریم: ئەو رێککەوتنە لە زووەوە کاری لەسەر دەکرێت، لە ساڵی 2018 لێکتێگەیشتنێک هەبووە لە نێوان حکومەتی عێراق و وڵاتانی کەنداو و سعودیە بۆ ئەوەی تۆڕی کارەبای عێراق لەگەڵ ئەواندا ببەسترێتەوە. عێراق سیاسەتێکی هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ هەموو وڵاتاندا تۆڕی کارەباکەی گرێبدات، هەر لەو کاتەدا دانوستان لەگەڵ تورکیا و ئوردن هەبووە، جگە لەوەی بە چوار هێڵ بەستراوینەتەوە بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.
ئەو گفتوگۆیانە کاتی زۆری دەوێت، لەسەر نرخ و جۆریەتی و شێوازە تەکنیکییەکەی کە بە چ شێوەیەک لێیان وەربگرین و بیگوازینەوە لای خۆمان و هەندێک کێشەی دیکە کە هەیبووە. کاتێک من هاتمە وەزارەت لە ماوەی ساڵێکدا کارێکی زۆر و وردمان لەسەر کردووە و چەندان لیژنەمان بەیەکەوە گفتوگۆیان کرد و لیژنەکەمان سەردانی سعودیەی کرد و لەگەڵ کۆمەڵگەی کەنداو کۆبوونەوە و دواجار گەیشتینە ئەو رێککەوتننامەیەی لە سعودیە واژۆمانکرد. ئەم رێککەوتننامەیە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
رووداو: کەی دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە؟
عادل کەریم: کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
رووداو: واتا تۆڕی کارەبای عێراق بەستراوەتەوە بە تۆری کارەبای سعودییەوە؟
عادل کەریم: ئەگەر زۆر کاری تێدا بکەین، بەلای کەمەوە دوو ساڵی دەوێ بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژەیە تەواوببێت. پڕۆژەکە دوو هێڵە کە یەکیان لە عەرعەرەوە دێت بۆ یوسفییە لە باشووری بەغدا کە درێژییکەی 570 کیلۆمەترە، ئەویتریان لە کوێتەوە دێت بۆ بەسرە - فاو کە 300 کیلۆمەتر مەوداکەیەتی. لە قۆناخی یەکەمدا 500 مێگاوات کارەبا لەو دوو هێڵە وەردەگرین و قۆناخی دووەم و سێیەم رێژەکە زیاد دەکات. سیستمی کارەباکەی سعودیە جیاوازە و دەتوانی بۆ مەودای چەند هەزار کیلۆمەترێک وزەی پێدا بنێری بەبێ ئەوەی ڤۆڵتەی بێتە خوارەوە.
رووداو: لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا حکومەتی عێراق چەند خەرجدەکات بۆ ئەوەی 500 مێگاوات کارەبای قۆناخی یەکەم وەربگرێت و ئەو پڕۆژەیە سوودی بۆ عێراق چی دەبێت، لە ئایندەی نزیکدا دەرکەوتەکانی ئەو پڕۆژەیە دەردەکەوێت؟
عادل کەریم: تێچووی ئەو پڕۆژەیە بە دوو قۆناخە. قۆناخێکیان دروستکردنی هێڵەکان و دانانی ئەو وێستگانەیە کە جێگۆڕکێ بە ڤۆڵتەکان دەکات، سعودیە خۆیان ئەو پڕۆژەیە لەسەر خەرجی خۆیان تەواودەکەن و هی کەنداویش ئێمە خۆمان دەیکەین و بە قەرز پارەکەی وەردەگیرێت. ئێستا لە هەردوولا دوو کۆمپانیای جێبەجێکاری جیهانیمان داناوە بۆ تایبەتمەندی هێڵەکان و ئێمەش هێڵەکەمان دیاریکردووە و دەستبەکاردەبن. لە رۆژانی داهاتوودا کاری گەورەی تێدا دەکرێت بەڵام ناتوانم بە دروستی بڵێم تێچووەکەی چەندە، لەسەر وردەکارییەکان رێککەوتووین. تێچووەکە لەسەر ئەو تەکنیکە نوێیەیە کە ئاماژەم پێدا، بەتایبەتی هێڵی سعودیە. ئەوکات کە کۆمپانیاکە بڕیاریدا چۆن هێڵەکە دروستبکات، ئێمە تێچووەکەی رادەگەیێنین. ئەو نرخەش کە لە سعودیە دەستمانکەوتووە گونجاوە. بەڵام بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا ئەو پڕۆژەیە بەشێکی کەمیی کێشەی کارەبای عێراق چارەسەر دەکات.
رووداو: ئەو رێککەوتنە سەتا چەندی کێشەی کارەبا چارەسەر دەکات، لەبەر ئەوەی ئومێدێکی زۆری لەسەر هەڵچنراوە؟
عادل کەریم: لە باشترین حاڵەتدا لە سەتا پێنج بۆ 10ـی کێشەی کارەبای عێراق چارەسەر ناکات، لە ئێستادا 14 بۆ 15 هەزار مێگاواتی دیکە کارەبامان پێویستە بۆ عێراق. ئەو هێڵە دوو ساڵی دیکە تەواو دەبێت کە لە قۆناخی یەکەمی 500 مێگاوات کارەبا وەردەگرین و لە قۆناخی دووەم هەر هێڵەی هەزار مێگاوات کارەبای لێ وەردەگرین کە لە کۆی پێداویستی 35 هەزار مێگاواتی کارەبای عێراق رێژەیەکی یەکجار کەمە. بەڵام ئێمە ئێستا لە هێڵی کارەبای ئوردن کاردەکەین و هێڵی تورکیاش تەواوبووە، ماوە کارەبای لێ وەرگرین، بەڵام بەهۆی گرانی نرخی نەوت لە جیهاندا نرخی کارەباش لە تورکیا زۆر بەرزبووەتەوە، بلە ئێران لە چوار هێڵەوە کارەبا وەردەگرین.
کە ئەو پڕۆژەیە جێبەجێکرا، ئەوکات عێراق تاکە وڵاتێک کە دەبەسترێتەوە بە سیستمی گشتی کەنداوەوە کە شەش وڵاتن و جیا لەمەش دەبەسترێینەوە بە تۆڕی کارەبای سعودیە و دەبین بە بەشێک لە کۆمەڵگەی کەنداو، تورکیاش کە بەشێکە لە سیستمی یەکێتی ئەوروپا، ئێمەش دەبین بە بەشێک لەو سیستمە، واتا لەوانەیە رۆژێک لە رۆژان عێراق ببێتە وڵاتی رێڕەو، ئەگەر دۆخی سووریاش سەقامگیر بێت، لەوانەیە بتوانین تۆڕی کارەباکەمان لەگەڵ ئەوانیش ببەستینەوە.
رووداو: کەواتا ئەوانە پڕۆژەی ستراتیجین و ناتوانین بڵێین لە چەند ساڵی داهاتوودا کارەبای عێراق دەبێتە 24 کاژێر؟
عادل کەریم: وەزارەتی ئێمە پڕۆژەیەکی تۆکمەی داناوە کە بۆ کورت مەودا و مامناوەند و درێژخایەنە، بۆ ئەوەی عێراق بتوانێ ببێتە خاوەنی کارەبا و یەدەگیشی هەبێت. هەموو وڵاتان چەند هەزار مێگاواتی یەدەگیان هەیە بۆ حاڵەتی لەناکاو، بۆ نمونە هێڵێک دەکەوێت و وێستگەیەک دەگوژێتەوە و کێشەیەک دروستدەبێت. ئەو پلانەی ئێمە دامانناوە، ئەگەر وەزارەتی دارایی حکومەتێکی جێگیر هەبێت، دەتوانین لە سێ ساڵی داهاتوودا بگەینە ئەنجامێکی باش بۆ کارەبای عێراق. بەپێچەوانەکەشی رەنگە کێشەکە زیاتر بخایەنێت.
رووداو: پشکی هەرێمی کوردستان لەو پڕۆژانە چەند دەبێت؟
عادل کەریم: جێی داخە هەرێمی کوردستان نەبەستراوەتەوە بە هێڵی عێراقەوە، لەو بوارەوە من و کەمال محەمەد [وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان] کاری زۆرمان کردووە و هیوادارم لە داهاتوویەکی نزیکدا بتوانین ئەو دوو هێڵە بەیەکەوە ببەستینەوە. مەرج نییە کارەبا لە یەکتر وەربگرین، بەڵکو بۆ هاوسەنگکردنی ڤۆڵتەی هەردوو لایە و لە قۆناخی داهاتووشدا لەوانەیە بتوانین گۆڕینەوەی کارەبا و کڕین و فرۆشتن کە لە هەندێ وەرزدا ئێمە پێویستیمان پێیەتی یان لە هەندێ وەرز کە ئەوان پێویستییان پێیەتی، بتوانین گۆڕینەوە بکەین.
رووداو: جێی سەرنج نییە عێراق ئێستا بە وڵاتانی کەنداو و تورکیا و ئێرانەوە ببەسترێتەوە، بەڵام لە ناوخۆیدا بە بەشێکی گرنگی جوگرافیاکەیەوە کە هەرێمی کوردستانە نەبەستراوەتەوە؟ گرفتەکە لە چییە و بۆ تا ئێستا عێراق و هەرێمی کوردستان تۆڕەکانیان بەیەکەوە نەبەستراوەتەوە؟
عادل کەریم: جێی داخە، من لەگەڵ کارمەندانی وەزارەتەکەی خۆم و کاربەدەستانی حکومەت قسە دەکەم کە شتێکی نەگونجاوە کوردستان بەشێک بێت لە عێراق و تۆڕی کارەباکەی نەبەسترێتەوە و بچی کارەبای عێراق بە وڵاتانی دیکەوە بیبەستییەوە، ئەوان کێشەکە دەگەڕێننەوە بۆ سەرەتا کە لە کوردستان دۆخی کارەبا باش بووە و لە عێراق خراپ بووە، دەڵێن کوردستان هێڵەکانی لەسەر ئێمە بڕیوە و نەیویستووە ببێت بە بەشێک لە سیستم، بەڵام ئەمە لەڕاستیدا بیانوو نییە و کارەکە نەگونجاوە، ئێستا کار لەسەر چارەسەرکردنی ئەوە دەکەین و لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ وەفدێکی تەکنیکی سەردانی موسڵ دەکەم و لەوێشەوە دەچم بۆ هەولێر و لەگەڵ کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان کۆدەبمەوە بۆ ئەوەی بتوانین بە زووترین کات ئەو کارە ئەنجامبدەین.
رووداو: ئەو رێککەوتنەی سعودیە کاریگەری لەسەر رێککەوتنەکانی دیکەتان دەبێت، بۆ نموونە ئێران زوویر نابێت لەو بابەتە، پێشتر قسەتان لەگەڵ ئێران کردووە و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر رێککەوتنەکانتان لەگەڵ تاران دەبێت؟
عادل کەریم: عێراق وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەرییە و سەربەستە لەگەڵ کێ کاردەکات و کارەبای دەبەستێتەوە، من لە وەزارەتی کارەبادا تا ئێستا کەس پێی نەگوتووم تۆڕی کارەبا لەگەڵ فڵان وڵاتدا گرێمەدە یان لەگەڵ ئەو وڵاتە کار مەکە. لەوانەیە هاندان هەبێت لەگەڵ هەموویان هێڵەکانمان گرێبدەینەوە. گرێبەستی ئێمە لەگەڵ ئێران ساڵانە بوو و ماوەیەک لەمەوبەر وادەی تەواوبوو و ئەمجارە بۆ ماوەی پێنج ساڵ درێژمان کردەوە، کەسیش پێی نەگوتین بۆچی نوێی دەکەنەوە.
رووداو: رێککەوتنەکە هەمان رێککەوتنی پێشووترە؟
عادل کەریم: بەڵێ هەمان رێککەوتنە، بەڵام ئەمجارە نرخەکەمان دابەزاند و ماوەکەی پێنج ساڵە و دەستنیشانمان کردووە لە چ وەرزێکدا چەند کارەبا وەربگرین، هەردوولا هاوکاری زۆری یەکتر دەکەین لەو بوارە. عێراق وڵاتێکی دیموکراسی فرە مەزهەب و فرە حیزبە و لەوانەیە لایەنێک رازیبێت و لایەنێک قسە بکات، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ئەوە رێڕەوی حکومەتە و ئێمە دەمانەوێ کەرتی وزە و کارەبا جیا بکەینەوە لە سیاسەت، ئەگەر وا نەکەین عێراق ناگاتە ئەوەی کارەبای خۆی هەبێت و وڵاتەکە بەم شێوەیە دەمێنێتەوە.
رووداو: سیاسەت لە عێراق کاریگەری لەسەر هەموو شتێک هەبووە، لەسەر کارەباش هەیبووە؟
عادل کەریم: ناتوانم بڵێم بە گشتی لەسەر حکومەت نییەتی، بەڵام لای من لە وەزارەتی کارەبا دەستوەردان نەبووە، یان هەشبێ زۆر کەم بووە، بەڵام بە شێوەی گشتی نەبووە و سەرۆکوەزیران دەستی کراوە کردووم بۆ ئەوەی بتوانین بڕیار بدەین، ئەوە تەنیا بۆ من نەبووە، کۆمەڵێک لیژنە هەن کە کەسانی پرۆفیسۆر و شارەزایان تێدایە و بەیەکەوە هەموومان بڕیار دەدەین و دەیبەین بۆ ئەنجوومەنی وەزاری وزە و لەوێشەوە دەچێتە ئەنجوومەنی وەزیران و بڕیاری پێویستی لەسەر دەدرێت. ئەوەی لە بەرژەوەندی عێراق بێت دەیکەین و ئەوەش لە بەرژەوەندی نەبێت نایکەین. بە گشتی بۆ پەیوەندی هاندانێکی باش هەیە لەگەڵ وڵاتان و پێموایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوانەیە کێشەکان بەرەو هێوربوونەوە بچن و ئەو جۆرە پەیوەندییە رەنگە ئاشتی و پێکەوەژیان زیاتر بکات.
رووداو: ئێستا خەرجی لە عێراقدا بۆ کەرتی کارەبا چەندە؟
عادل کەریم: ساڵ بۆ ساڵ دەگۆڕێ، ئەو بودجەیەی ئێمە دامانناوە، بۆ نمونە ئەمساڵ داوای 24 بۆ 25 ملیار دۆلارمان کردووە بۆ کەرتی کارەبا. ئەو پارەیە بەشێکی بۆ کڕینی غاز و کارەبایە لە کەرتی تایبەت کە نزیکەی شەش بۆ حەوت هەزار مێگاوات کارەبا لە کەرتی تایبەت بەرهەمدێت، هەڵبەت ئەوە بۆ ماوەیەکی کورتخایەنە و دەمانەوێ کۆمەڵێک وێستگەی گەورە دروستبکەین و تۆڕەکانی کارەبا نوێ بکەینەوە، جێی داخە زۆربەی تۆڕی دابەشکردنی کارەبای عێراق بەهۆی شەڕ و گەمارۆ ئابوورییەکانەوە وێرانبوون و لەدوای رووخانی رژێمی بەعسیش کێشەکان زۆر بوون و نەمانتوانیوە وەک پێویست کاری تێدا بکەین، دەمانەوێ ئەوەش چاک بکەین و بێگومان پێویستی بە پارە دەبێت. پێویستە حکومەت دوو بۆ سێ ساڵ پارە خەرجبکات بۆ ئەو بوارە و دواتر تێچوونەکە زۆر کەم دەبێت، لەبەرئەوەی بنیاتنانت نامێنێ و تەنیا چاککردنت پێویست دەبێت.
رووداو: پێشتر راگەیەنرابوو کە عێراق پێویستی بە 35 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە، ئێستا بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق چەندە؟
عادل کەریم: ناتوانم رێژەکەی باس بکەم، بەڵام رێژەیەکی زۆر باش بەرهەمدەهێنین لەچاو ساڵی رابردوو، ئەگەر گوێ لە میدیاکان بگریت، جۆرێک لە رازیبوونی خەڵک هەیە لەو وەرزەدا.
رووداو: نیوەی ئەو 35 هەزار مێگاواتە بەرهەمدێت؟
عادل کەریم: نا زۆر زیاتر بەرهەمدێت، ئێمە نزیکی 22 بۆ 23 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنین، لەچاو ساڵی رابردوو سێ هەزار مێگاوات زیادیکردووە و دەمانەوێ بیگەیەنینە 24 هەزار مێگاوات بەرەو سەرووتر، هەندێک وێستگەمان هەیە لە مانگی داهاتوودا دەکەونەکار و هەندێکی دیکەش هەفتەی داهاتوو دەستبەکار دەبن.
رووداو: ئێستا رۆژانە چەند کاژێر کارەبای نیشتمانی لە عێراق هەیە؟
عادل کەریم: ناتوانی کاژێرەکە دیاریبکەی، لەبەر ئەوەی رۆژێک کە زۆر گەرم بوو جیاوازە لە رۆژێک کە گەرماکەی ئاسایی بێت، بۆیە بە گشتی ناتوانم رێژەیەکت پێبدەم، لەبەر ئەوەی ئێوە میدیان و دەینووسن و دووبارەی دەکەنەوە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەتوانم بڵێم کاژێرەکانی کارەبا باشە. لە پارێزگاکانی عێراق دابەشکردنی کارەبا دادپەروەرانەیە، بۆ نمونە ئەو کارەبایەی هەمانە لەسەر 15 خاڵ دابەشیدەکەین، ژمارەی دانیشتووان، رووبەری ئەو پارێزگایە چەندە، کەرتی گەشتیاری و پیشەسازی و کشتوکاڵ، شێ و گەرما و... بە گوێرەی ئەمانە بە شێوەی ستاندەر رێژەی کارەبا بۆ پارێزگاکان دیاریدەکرێت و لیژنەیەکی هاوبەش کە وەزارەتی ئێمەش تێیدا بەشدارە، کارەباکە دابەشدەکەن. بۆ نمونە بەغدا چوار هەزار و 700 مێگاواتی پێدەدەین. ئەوەی توانیومانە بۆ کارەبا کردوومانە و گرنگ ئەوەیە ئەو رێژە بەرهەمهێنانە بتوانین بپارێزین و تا ئێستا ئەوەمان کردووە و هیوادارم بتوانین تا هاوین تەواودەبێت، رێژەکە بیپارێزین و بەرزتری بکەینەوە.
رووداو: رۆژێک دێت عێراق بەبێ مۆلیدە کارەبای 24 کاژێر هەبێت؟
عادل کەریم: بەڵێ، وەک باسمکرد، رۆژی سێشەممەی داهاتوو ئەو بەرنامەی لە ئەنجوومەنی وەزیران دانراوە بۆ پلانی کورتخایەن و مامناوەند و دوورخایەن، دەچێتە بواری بڕیاردان و جێبەجێکردنەوە و بەپەلە دەستدەکەین بە جێبەجێکردنی و بەڵکو بتوانین لە ماوەیەکی کورتدا کۆمەڵیک کاری گرنگ هەیە ئەنجامیانبدەین و وێستگەکان بخەینەوەگەڕ. یەکێک لە کێشەکانی عێراق ئەوەبووە، لەو ناوچانەی کە داعشیان تێدابووە، پێنج بۆ شەش هەزار مێگاوات زیانمان بەرکەوتووە، لە بێجی سێ وێستگەی گەورەی بەرهەمهێنانی کارەبا هەبووە کە تێکچوون، لە ئەنبار وێستگەیەک هەبوو کە هەفتەی داهاتوو بەردی بناغەی بۆ دادەنێینەوە کە هەزار و 600 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت، جگە لەوانە نەمانتوانیوە پەرە بە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە مووسڵ بدەین و لەگەڵ ئەمانەشدا بەشێکی زۆری هێڵەکان تێکچوون. ئەگەر ئەو وێستگانە تێکنەچووبان، لەگەڵ ئەوەندەی کە ئێستا بەرهەمی دەهێنین، دۆخی عێراق زۆر باش دەبوو.
رووداو: لەماوەی چەند ساڵی رابردوو بەردەوام بۆ قەرەبووکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی دەستی داعش بودجە تەرخاندەکرێت، ئەوە نەیتوانیوە کێشەی ستوون و وێستگەکانی کارەبا چارەسەربکات؟
عادل کەریم: بەپێی بەراوردەکانی ئێمە لەو ناوچانە کەرتی کارەبا نزیکەی 10 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە، جگە لە وێستگەکان کە پارەی زۆری پێویستە ئەو ماوەی من پۆستی وەزیری کارەبام وەرگرتووە، توانیومانە کۆمەڵێک هێڵی گەورەی 400 و 132 چاکبکەینەوە و کۆمەڵێک وێستگەشمان چاککردووەتەوە، من کە سەردانی موسڵ دەکەم، بە یەک جار حەوت وێستگەی گەورە دەکەمەوە. بەشێکی لەو پارانە وڵاتان داویانە و پارەی بۆ تەرخانکراوە. بەشێکی باشی کێشەکانمان چارەسەرکردووە و پێموایە ئەمساڵ دۆخی کارەبامان باشتر کردووە و بۆ ساڵی داهاتوو زۆر باشتریش دەبێت، ئەو زیانە گەورەیەش کە لە بەرهەمهێنانی کارەبا و هێڵەکانی کەوتووە، زیانێکی گەورە و کاریگەربووە لە وەزارەتی کارەبای عێراق.
رووداو: دوا پرسیارم لەسەر وزەی خۆرە، زۆربەی وڵاتان سوود لە تیشکی خۆر وەردەگرن بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، عێراق وڵاتێکی گەرمە و تیشکی خۆر بەتینە، بۆچی سوود لە تیشکی خۆر وەرناگرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا؟
عادل کەریم: حکومەتی عێراق دوو بەرنامەی هەیە، بەرنامەی یەکەم کە لە وەزارەتی کارەبایە، 12 هەزار و 500 مێگاواتە کە بە تیشکی خۆر بەرهەمیدەهێنین، ئەمساڵ بە بڕی حەوت هەزار و 500 مێگاوات گرێبەستمان لەگەڵ کۆمەڵێک کۆمپانیای گەورەی جیهانی واژۆکردووە، سەرەتای ساڵی داهاتووش بە بڕی پێنج هەزار مێگاوات گرێبەست دەکەین لەگەڵ کۆمپانیای دیکە. بەدەر لەمە حکومەتی عێراقی لەڕێگەی بانکی ناوەندی دوو ملیار دۆلاری داوە بە کەرتی تایبەت بۆ پڕۆژە بازرگانییەکان و ماڵەکان کە بەرهەمهێنانی کارەبا لەڕێی تیشکی خۆر لەسەر ماڵەکان و کەرتەکانی کشتوکاڵ دابنێن و خەڵکێکی زۆر ئێستا دایانناوە، بەتایبەت لە کەرتی کشتوکاڵ سیستمی ئاودێری بە ماتۆڕی ئاوە و پێویستی بە کارەبایە، ئەو جۆرە کارەبایە هەم ژینگە پیس ناکات و لە هەمانکات هەندێک ئەرک لەسەر شانی ئێمە کەمدەکاتەوە. بانکی ناوەندی قەرز دەدات بە هاووڵاتییان کە سوودەکەی زۆر کەمە و ئێمەش وەک حکومەت لەگەڵ کۆمەڵێک کۆمپانیای گەورەی جیهانیدا کاردەکەین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ