رووداو دیجیتاڵ
کەسێک لە پارێزگاى بابل وەڵامى پرسیارەکانى تاقیکردنەوەى وانەى ئینگلیزى لە رێگەى بڵندگۆ و لە دەرەوەى هۆڵێکى تاقیکردنەوە بڵاودەکاتەوە و دواى ئاشکرابوونى ئەو کارەى هەڵدێت، بەڵام ژنە مامۆستایەکى چاودێرى هۆڵەکە دوایدەکەوێت و دەستگیری دەکات.
رۆژی 18ى تەممووزى 2023 ئیبراهیم جبوورى، وەزیرى پەروەردەى عێراق لە راگەیێندراوێکدا سوپاسی یەکێک لە چاودێرانى هۆڵى تاقیکردنەوەکانى کردووە لە پارێزگاى بابل بۆ راوەدونان و دەستگیرکردنى کەسێک کە لە رێگەى بڵندگۆوە وەڵامى پرسیارى تاقیکردنەوەکانى وانەى ئینگلیزیى پۆلی شەشى ئامادەیی لەنزیک یەکێک لە هۆڵەکانى تاقیکردنەوە، بڵاوکردووەتەوە.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، ئەو کەسە بە بڵندگۆیەکى بچووک لەنزیک ناوەندى تاقیکردنەوەکانى ئەنوار لە پارێزگاى بابل، وەڵامى پرسیارەکانى تاقیکردنەوەى وانەى ئینگلیزیى بڵاوکردووەتەوە، تاوەکو قوتابییەکان لەو هۆڵەى تاقیکردنەوە گوێیان لێبێت.
ئەو کەسە لەدواى ئاشکرابوونى ئەو کارە هەڵاتووە، بەڵام ژنە مامۆستایەک بەناوی ئەیام حوسێن، کە چاودێریى ئەو ناوەندى تاقیکردنەوەیە بووە، دواىکەوتووە و دەستگیری کردووە.
ئیبراهیم جبوورى، وەزیرى پەروەردە بە فەرمى سوپاسنامەیەکی بۆ ئەیام حوسێن ناردووە.
رۆژی 15ى تەممووزى 2023 تاقیکردنەوەى وانەى زمانى ئینگلیزى بۆ پۆلى شەشى ئامادەیی لە عێراق کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ