ئەنساروڵڵا ئەوفیا بۆ رووداو: ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق

18-08-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا ئەوفیا هۆشداری لە هێرشێکی ئیسرائیل دەدات و رایدەگەینێت، کە مەترسی هەیە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق.
 
عادل گەرعاوی، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا ئەوفیا، کە یەکێکە لە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی، رۆژی دووشەممە، 18-08-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مەترسیی ئەوە هەیە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق و بۆردوومانیان بکات."
 
بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا ئەوفیا، گرووپێکی چەکداریی عێراقییە و پێکدێت لە لیوای 19ـی حەشدی شەعبی. وەکو قەوارەیەکی سیاسی لە ساڵی 2013ـەوە لە پارێزگای میسان بە ناوی "سەدق و عەتا" دەرکەوت. حەیدەر ئیبراهیم غەراوی ئەمینداری گشتیی حیزبەکەیە و مورتەزا عەلی حەموود ساعدی جێگریێتی.
 
ساڵی 2018، بزووتنەوەی سەدق و عەتا وەکو باڵی سیاسیی ئەنساروڵڵا ئەوفیا، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، بەشداریی هەڵبژاردنی کرد.
 
ئەو گرووپە تۆمەتبارە بە چەندین کردەوەی چەکداری لە دژی هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە). رۆژی 28-01-2024 بە درۆن هێرشی کردە سەر بنکەی سەربازیی تاوەری 22 لە ئوردن، کە بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمریکی کوژران.
 
رۆژی 17-06-2024، ئەمریکا گرووپی ئەنساروڵڵا ئەوفیا و حەیدەر غەراوی، ئەمینداری گشتیی گرووپەکەی خستە لیستی تیرۆرەوە.
 
مەهدی کەعبی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی نوجەبا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، زانیارییان لەبارەی ئەگەری بۆردوومانکردنی چەند ئامانجێک لە عێراق هەیە و گوتی: "ئەگەرێکی نزیکە و رەنگە لە هەر کاتێکدا رووبدات." هاوکات بە دووری زانی، بەغدا ئەو رێککەوتنە ئەمنییەی لەگەڵ تاران واژۆی کردووە، جێبەجێی بکات.
 
مەهدی کەعبی جەختی کردەوە، گرووپە چەکدارەکان لایەنی بەهێزن، تەنانەت ئەگەر ئەمریکییەکانیش بەهۆی "بوونی سیخوڕ و بەکرێگیراوان" لەسەر زەوی، باڵادەستیی ئاسمانیشیان هەبێت.
 
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی نوجەبا رەتیکردەوە کە چەک دابنێن و گوتی: "چەکەکانمان رادەست ناکەین، چونکە بە پاڵپشتییەک بۆ دەوڵەتی عێراق و سەروەرییەکەی دەزانین و گەرەنتییە بۆ ئەوەی سیناریۆی ساڵی 2014  (هێرشی داعش) دووبارە نەبێتەوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە