رووداو دیجیتاڵ
بەربژێرێک لە پارێزگای سەلاحەدین دوای ئەوەی کە پۆستێکی لە پلاتفۆرمی فەیسبووکدا کرد و گوتی، "نامەوێت هاندەرانی یانەی بارسێلۆنا دەنگم پێبدەن،" کاردانەوەی لێکەوتەوە. ئەو بەربژێرە کە ناوی مەروە عیساوییە، بە رووداوی گوت، تەنیا دەنگی هاندەرانی ریاڵی بەسە.
ئەمڕۆ شەممە 18ی تشرینی یەکەمی 2025 مەروە حامد عیساوی، بەربژێری هاوپەیمانیی تەفەوق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوێنێ گەنجێکی هاندەری بارسێلۆنا سەردانی کردم لە نووسینگەکەم و گوتی، تۆ هاندەری ریاڵ مەدریدی و ببە هاندەری بارسێلۆنا بۆئەوەی دەنگت پێبدەین. منیش گوتم، پێویستم بەوە نییە هیچ هاندەرێکی بارسێلۆنا دەنگم پێبدات، ئەوەم لە هەژمارەکەی خۆم لە فەیسبووکیش دا بڵاوکردەوە."
عیساوی گوتیشی، "من تەنیا دەنگی هاندەرانی ریاڵم بەسە و پێویستیم بە دەنگی هاندەرانی بارسا نییە، یەکەم رۆژی کارکردنیشم لە پەرلەمان بە جلی ریاڵ مەدریدەوە دەبێت."
ئەو بەربژێرە بەڵێنی ئەوەی دا، ئەگەر ببێتە پەرلەمانتار، ژن بۆ 30 گەنجی هاندەری ریاڵ مەدرید دەهێنێت.
مەروە گوتیشی، "هاوژینەکەی خۆم هاندەری بارسێلۆنایە، بەڵام من و کوڕە بچووکەکەم هاندەری ریاڵ مەدریدین و لەکاتی یارییەکاندا بە جیا سەیری دەکەین."
هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە 11ى تشرینى دووەمى 2025 دەکرێت، نزیکەی 8 هەزار بەربژێر رکابەریى دەکەن بۆ بەدەستهێنانى 329 کورسی پەرلەمان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ