رووداو - بەغدا
رۆژێکی چارەنووسساز و هەستیار بۆ هەرێمی کوردستان بە ناڕوونی و بێ ئەنجام تێپەڕی. لە کاتێکدا کورد دڵگەرم بەو سازانە سیاسییەی کردوویەتی، چاوەڕێی لابردنی کۆتی سەر پیشەسازیی نەوتی بوو، بیانوو و ناڕەزایەتیی لایەنی شیعە بووە هۆی دواخستنی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق.
لیژنەی دارایی لە کۆی 17 ئەندام بە 7 دەنگی ناڕازی، راپۆرتی هەمواری بڕگەی 12ی یاسای بودجەی عێراقی تێپەڕاند، کە تایبەتە بە نەوتی هەرێمی کوردستان؛ پرسێک کە هەر زوو نیازی پەسندنەکردنی هەموارەکەی لە دانیشتنی گشتیی پەرلەمانی عێراق خستەڕوو و بە چوونە دەرەوەی زیاتر لە 35 پەرلەمانتاری شیعە، رێژەی یاسایی نەما و دانیشتنەکە هەڵگیرا.
باسم غەرابی، پەرلەمانتاری ئیشراق کانوون دەڵێت، "رەخنەمان هەیە لە بابەتی گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت، کە تێچووی دەرهێنانی بەرمیلێک 16 دۆلارە، ئێمە نازانین، رەنگە لە رۆژانی داهاتوودا کۆمپانیاکان داوای قازانجێکی دیاریکراویش بکەن، هەروەها نازانین سەقفی بەرز بۆ ئەم قازانجە ئەگەری هەیە؟ بۆ نموونە، 40 دۆلار تێچووی دەرهێنانی نەوت بێت! لەبەر ئەوە رەخنەمان هەبوو. پێویستە بابەتەکە روون بێت و باشتریشە بودجە و ژمارەکانیشی بە دیاریکراوی لەگەڵدابێت."
لە کاتێکدا بۆ تەواوبوونی رێژەی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان، پێویستی بە 165 ئەندامە؛ لە دانیشتنی یەکشەممەدا لە کۆی 329 پەرلەمانتار، تەنیا 167یان ئامادە بوون. ئەم پرسە بەلای کوردەوە وەکو جۆرێک لە سازشی ژێربەژێری لایەنەکان سەیر دەکرێت.
نەهرۆ رواندزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق گوتی، "لە کارنامەی داهاتووی پەرلەماندا دەبێت هەمواری یاسای بودجە بخرێتە دەنگدانەوە و لە خاڵی یەکەم بێت. یەکەم خاڵ دەبێت هەمواری یاسای بودجە بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025 بکرێت."
هەمواری یاسای بودجە و پرۆژەیاسای گەڕانەوەی موڵک دوو پرسی گرنگن بۆ کورد، کە پەسندکردنیان لە گرەوی رێککەوتنە لەگەڵ لایەنی شیعە، بەتایبەت کە شیعە چاوی لەسەر تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای هەمواری یاسای باری کەسێتییە و بەپێی کارنامە، لە بڕگەی یەکەمی دانیشتنی رۆژی سێشەممەی پەرلەمانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ