بەغدا دەیەوێ سەرجەم خێزانە عێراقییەکانی کەمپی هۆل بگەڕێنێتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سووریا، عێراق ئامادەکاری بۆ گەڕاندنەوەی خێزانە عێراقییەکان لە کەمپی هۆل دەکات.
 
سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئامادەکاری دەکەین بۆ ئەوەی سەرجەم ئەو خێزانە عێراقییانەی لەنێو کەمپی هۆل ماون بە زووترین کات بگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق".
 
عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بەوەکالەت، سەرپەرشتیی گەڕاندنەوەی خێزانەکان دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە ئەمڕۆ سەردانی کەمپی جەدعە لە نەینەوا بکات. کەمپەکە تایبەتە بە شیاندنەوەی ئەو خێزانانەی لە کەمپی هۆلەوە دەگەڕێندرێنەوە.
 
کەمپی هۆل دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دایە. بەشێک لەوانەی لە کەمپەکەن عێراقین و هاوژین و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشن. 
 
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سووریا وایکردووە پەلە بکرێ لە گەڕاندنەوەی ئەو خێزانانە و گوتی: "نازانرێ لە داهاتوویەکی نزیکدا چی روودەدات، چونکە دۆخی سووریا ناجێگیرە و دەبێت خۆمان بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادە بکەین."
 
دوێنێ لەکاتی پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا و هێزەکانی هەسەدە، شێخموس ئەحمەد، هاوسەرۆکی کاروباری ئاوارە و پەنابەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە رووداوی گوت، "بەهۆی هێرشی چەکدارەکانی تەحریری شام [بەشێکی سەرەکین لە حکومەتی کاتیی سووریا]وە مەترسی جیدی لەسەر کەمپەکان و زیندانەکانی چەکدارانی داعش دروست بووە، چونکە ئەوانەش هێرش دەکەن هەر وەک داعشن."
 
عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقیش بە رووداوی گوت: "کەمتر لە 100 خێزانی عێراقی لە کەمپی هۆل ماون و وەک دوایین کاروان پێکەوە دەگەڕێندرێنەوە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ گوتیشی: "ئامادەکاری دەستپێدەکرێ و بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوودا دەست بە گەڕاندنەوەی هەموویان بکرێ."
 
تاوەکو ئێستا 31 کاروانی هاووڵاتییانی عێراقی لە کەمپی هۆڵەوە گەڕێندراونەتەوە.
 
ئەو عێراقیانەی لە کەمپی هۆڵ دەگەڕێندرێنەوە، دەبرێنە کەمپی جەدعە لە پارێزگای نەینەوا بۆ شیاندنەوەیان، پاشان دەگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان.
 
سەبارەت بە کۆی گشتیی ئەو عێراقییانەی لە کەمپی هۆلەوە گەڕێندراونەتەوە، عەلی جەهانگیر گوتی، ژمارەیان "گەیشتووەتە نزیکەی 21 هەزار هاووڵاتیی عێراقی."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

موقتەدا سەدر

سەدر: داوا لە لایەنەکانی باکووری عێراق دەکەم رێگەنەدەنە تیرۆر

موقتەدا سەدر لە پەیامێکدا هۆشداری دەداتە هێزە سیاسییەکان کە ململانێکانیان وەلا بنێن چونکە "مەترسییەکی گەورە" لە سنووری سووریاوە روو لە عێراقە. هاوکات داوا لە هێزەکانی هەرێمی کوردستان دەکات دەستوەردانی راستەوخۆ لە دۆخی سووریا نەکەن.