دادگای فیدراڵیی عێراق دوو هەمواری یاسایەکی هەڵوەشاندەوە

19-08-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەسەر داوای سەرۆکوەزیران دوو هەمواری یاسای خوێندنی باڵای هەڵوەشاندنەوە، کە تایبەت بوون بە دەسەڵاتی دانانی راگری کۆلێژەکان و پەیمانگەکان و دیاریکردنى جێگرانی سەرۆکی دەستەی توێژینەوەی تەکنیکی.
 
سکاڵاکە لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانەوە، لە دژی سەرۆکی پەرلەمان تۆمارکرابوو، ئەمڕۆ سێشەممە 19ی ئابی 2025 دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری کۆتایی لەبارەی سکاڵاکەوە دەرکرد.
 
بەگوێرەی بڕیارەکە هەمواری ماددەی پێنجی یاسای خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ساڵی 1988ـی هەڵوەشاندەوە کە دەسەڵاتی دەدایە سەرۆکى زانکۆکان و سەرۆکی دەستەی توێژینەوەی زانستی بۆ دانانی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ و راگری کۆلێژ و پەیمانگاکان و بەڕێوەبەرانی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە لە دەستەی توێژینەوەی زانستی، لەنێو سێ بەربژێردا، لەکاتێکدا ئەو دەسەڵاتە بەر لە هەمواری یاساکە لە دەستی وەزیری خوێندنی باڵا بووە.
 
یەکێکی دیکە لەو هەموارانەی دادگای باڵای فیدراڵی هەڵیوەشاندنەوە، هەمواری ماددەی 33ـی یاساکە بووە کە تایبەت بوو بە دەستەی توێژینەوەی تەکنیکی کە سەرۆکێک و دوو جێگری دەبێت، بەم پێیە ماددەکە دەگەڕێتەوە سەر دۆخی پێشووی، کە سەرۆکی دەستەکە جێگری نییە.
 
ئەو هەمواری یاسایە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە کراوە و لە 22ـی تەممووزى 2024ـەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، داوای سەرۆکوەزیرانی لە دژی سێ مادەى دیکەى هەمواری یاساکە رەتکردەوە بە پاساوی ئەوەی پێشێلکاریی دەستووریی تێدا نییە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە