رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی وەبەرهێنانی پەرلەمانی عێراق خۆی بۆ خوولی داهاتووی پەرلەمان بەربژێر کردووەتەوە، بەڵام بە تۆمەتی تێوەگلانی لە دوو جۆر "تاوان" دوورخراوەتەوە، کە "تاوانەکان" بۆ ساڵانی 2004 و 2015 دەگەڕێنەوە. بەربژێرەکە تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و دەڵێت، تانە لە بڕیارەکە دەدات.
رۆژی 17ی ئەم مانگە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بە راگەیێندراوێک دوورخستنەوەی چەند بەربژێرێکی بە هۆکاری جیاواز راگەیاند. یەکێک لەوان بریتییە لە حەسەنەین قاسم محەممەد خەلەف خەفاجی لەسەر لیستی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان.
بەگوێرەی زانیاریی رووداو، کە حەسەنەین قاسم محەممەد خەلەف خەفاجی پشتڕاستی کردەوە، دوو تۆمەت دراونەتە پاڵ ئەو بەربژێرە؛ یەکەمیان پەیوەندیی بە کوشتن و دووەمیان پەیوەندیی بە بەقاچاخبردنی کاڵاوە هەیە.
حەسەنەین خەفاجی بە رووداوی راگەیاند، "یەکێک لەو تۆمەتانە بۆ ساڵی 2004 دەگەڕێتەوە، کە ئەوکات لە ناوچەیەکی بەغدا شەڕە تەقەیەک روویدا و بەهۆیەوە 30 کەس لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دەستگیرکران؛ یەکێک لەوانە من بووم. بەڵام دواتر ئازادکرام، چونکە هیچ بەڵگەیەک نەبوو بیسەلمێنێت دەستم لە تەقەکردنەکە یان تاوانی دیکە هەبووبێت."
لەبارەی تۆمەتەکەی دیکە، حەسەنەین گوتی، "ئەو تۆمەتە بۆ ساڵی 2015 دەگەڕێتەوە، گوایە لە سنوورەوە بارم بە قاچاخ بردووەتە دەرەوە و بۆ ئەوەش هیچ بەڵگەیەکیان لەبەردەست نییە ئەوە بسەلمێنێت."
حەسەنەین خەفاجی ئاماژەی بەوەش کرد، "لە دادگە تانەم لەو بڕیارە داوە و چاوەڕێم دادگە پرسەکە یەکلایی بکاتەوە، بۆئەوەی راستییەکان دەربکەون."
هاوکات عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو بەربژێرە کە ئێستا سەرۆکی لیژنەی وەبەرهێنانە لە پەرلەمان تۆمەتبارە."
بە گوتەی عیماد جەمیل، ئەو کەسە دوو ناوی هەیە کە (حەسەنەین و حەسەن)ە، "بەناوی حەسەنەین تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی لەسەرە، بەڵام بەناوی حەسەن بێ تاوانە. لە هەڵبژاردنی پێشوودا بەناوی حەسەنەین خۆی تۆمار کرد، بەڵام دیارە ئەوکات بەڵگەی پێویست نەبووە بۆ ئەوەی دووربخرێتەوە."
حەسەنەین خەفاجی لە خوولی پێشوودا وەكو بەربژێری سەربەخۆ لە بازنەی (بەغدا - كەرخ - 12) دەرچوو و بووە پەرلەمانتار لە خوولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق.
لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بەربژێران لە چوارچێوەی رێکارەکانی یاسای هەڵبژاردنە، بەر لەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ناوی بەربژێران پەسند بکات.
بڕیارە لە 10ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت، تێیدا نزیکەی 8000 کەس خۆیان بەربژێر کردووە بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسیی پەرلەمان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ