رووداو دیجیتاڵ
لە پەرلەمانی عێراق هەڵمەتێک بۆ کۆکردنەوەی واژۆ دەستیپێکردووە بەمەبەستی میوانداریکردنی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق. لە یاداشتەکەدا حەوت پرسیار ئاراستەی وەزیر کراون کە یەکێکیان تایبەتە بە "خەرجکردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی مەرجی یاسایی"؛ سێ پەرلەمانتاری کوردیش واژۆیان لەسەر یاداشتەکە کردووە."
رۆژی دووشەممە 19-01-2026، یاداشتێک لە پەرلەمانی عێراق ئامادە کراوە بۆ بانگهێشتکردنی وەزیری دارایی. بەگوێرەی وێنەیەکی یاداشتەکە کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو گەیشتووە، هەریەک لە رێبوار کەریم و غالب محەممەد لە رەوتی هەڵوێست و پۆڵا مەعرووف لە فراکسیۆنی یەکێتی واژۆیان لەسەر کردووە.
لە یاداشتەکەدا داوا لە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کراوە کاتێک بۆ میوانداریکردنی وەزیر دیاری بکات، بۆ وەڵامدانەوەی ئەم حەوت تەوەرە:
- دامەزراندن بە پێچەوانەی رێکارە یاساییەکان.
- سەرپێچیکردنی سەر بەندەکانی بودجە.
- پارەدارکردنی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی مەرجی یاسایی.
- پەکخستنی پارەدارکردنی دەروازە سنوورییەکان.
- بەجێنەگەیاندنی بنەمای دادپەروەری لەنێوان پارێزگاکان.
- پابەندنبوون بە تێبینییەکانی دیوانی چاودێریی دارایی.
- جێبەجێنەکردنی مادەی 29 لە یاسای ئیدارەی دارایی و قەرزی گشتی.
لە خاڵی سێیەمی یاداشتەکەدا، پرسیار لە وەزیری دارایی کراوە، تاوەکو چەند پابەندی یاسای بودجەی ساڵی 2023 بووە لە خەرجکردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان؛ هاوکات داوای روونکردنەوە لەسەر ئەو بڕە پارانە کراوە کە بەپێی یاداشتەکە "بەپێچەوانەی دەقە یاساییەکان خەرج کراون."
رێبوار کەریم، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە رەوتی هەڵوێست کە واژۆی لەسەر یاداشتەکە کردووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم میوانداریکردنە وەکو دەرفەتێک دەقۆزینەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی وەزیری دارایی، چونکە پێشتر سێ جار داوای بینینیمان لێکردووە و رەتیکردووەتەوە."
رێبوار کەریم ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە گوایە هەنگاوەکەیان دژی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت و رایگەیاند، بەپێچەوانەوە بەرگریکردنە لە مافی خەڵک و مەبەستیانە لە ناو پەرلەماندا چەندین پرسیار رووبەڕووی وەزیری دارایی عێراق بکەنەوە، لەوانە: بۆچی یاسای بودجە و ماددەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان وەکو خۆی جێبەجێ نەکراون؟ بۆچی ساڵی رابردوو دوو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەنێردراوە؟ بۆچی بڕی 100 هەزار دینار هاوکاریی خانەنشینان بڕدراوە؟ بۆچی پلەی وەزیفی و دامەزراندن هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە و پرسی بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان (تەوتین) بە کوێ گەیشتووە؟
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ