رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بۆ مانگی نیسان دەستیپێکرد. هێشتا حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی رەوانەی بەغدا نەکردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 20ـی نیسانی 2025، وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "فەرمانگەی ژمێریاری، رێکارەکانی پارەدارکردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانی بۆ ئەم مانگە دەستپێکرد."
وەزارەتەکە داوا لە فەرمانگەکانی ژمێریاریی وەزارەت، پارێزگاکان و دەستەکان دەکات سەردانی فەرمانگەی ژمێریاریی بکەن، بۆ تەواوکردنی پێویستییەکانی پارەدارکردنی مووچەی فەرمانبەران و کارمەندەکانیان.
'لیستی مووچەی هەرێمی کوردستان کێشەی تەکنیکیی هەیە'
سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئێستا لیستی مووچەی مانگی نیسان تەواو نەبووە، چەند کێشەیەکی تەکنیکی لە لیستی مووچەدا هەیە، هەر کاتێک چارەسەر کران لیستەکە دەنێردرێت.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەیەوێت "میزان موراجەعە" و داهاتی نێوخۆ بنێرێت بۆ بەغدا، ئینجا لیستی مووچەی مانگی نیسان بنێرێت. داهاتی پارێزگاکان، جگە لە سلێمانی، کۆکراوەتەوە؛ چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ یان سبەی داهاتی سلێمانییش بگاتە وەزارەت، دواتر پشکی حکومەتی عێراق لەو داهاتە بنێردرێت بۆ بەغدا.
دوایین جار لە 17ی ئاداری 2025 وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 48 ملیار دیناری وەکو بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی شوباتی ساڵی 2025 خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
سەبارەت بە "میزان موراجەعە"ش، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتووە، ئەویش تائێستا تەواو نەبووە و ئەمڕۆ و سبەی تەواو دەبێت و دەینێرن بۆ بەغدا.
لە عێراق نزیکەی 11 ملیۆن و 70 هەزار مووچەخۆر هەن، کە زیاتر لە چوار ملیۆنیان فەرمانبەرن و زیاتر لە دوو ملیۆن و 800 هەزاریان خانەنشینن.
تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ناردنی لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی بۆ بەغدا رانەگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ