رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە حکومەتی عێراق بە فەرمی وادەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی دیارییکرد.
نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممەیدا، رۆژی 18ی کانوونی یەکەمی 2023ی دیارییکردووە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ئەوەش وەک پابەندبوون بە بەرنامەی حکومی کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا لەلایەن پەرلەمانی عێراق پەسندکرا.
تۆڕی میدیایی رووداو، 22-5-2023، بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رێککەوتوون کە 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەوکاتە هێشتا بە فەرمی رانەگەیێندرابوو.
رۆژی 27-3-2023، پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی پەسندکرد. بەپێی هەمواری نوێی یاسای هەڵبژاردنەکان، سیستمی سانت لیگۆ بە یەک پۆینت حەوت دەگەڕێتەوە و هەر پارێزگایەکی عێراق دەکرێتە یەک بازنەی هەڵبژاردن و، هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان یەک یاسایان دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ