لە عێراق جگەرەی ئەلیکترۆنی و نێرگەلە دەرگەی نوێی بازرگانانی مادەی هۆشبەرن بۆ ئاڵوودەکردنی خەڵک

20-08-2023
مستەفا گۆران
مستەفا گۆران
زیادبوونی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر لە عێراق
زیادبوونی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر لە عێراق
نیشانەکردن مادەی هۆشبەر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئۆپەراسیۆنەکانی حکومەتی عێراق دژی بازرگانانی مادەی ھۆشبەر، وایانکردووە بازرگانانی ئەو بوارە، رێگەی نوێ بۆ گەیاندنی مادەی ھۆشبەر بۆ نێو بازاڕەکان و ئاڵوودەکردنی خەڵکی زیاتر بدۆزنەوە لەوانەش: جگەرەی ئەلیکترۆنی، ڤەیپ و نێرگەلە.
 
عەقید بیلال سوبحی، گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە ھۆشبەرەکان لە بەغدا، دەڵێ "ئەم مافیایانە ئێستا چەندین رێگەیان گرتووەتەبەر بۆ گواستنەوەی مادەی ھۆشبەر و پێدانی بە خەڵک. بەڕێوەبەرایەتییەکەمان دەزانێت ئێستا چۆن ئەو مادانە لەنێو خەڵکدا بڵاودەکرێنەوە، بۆیە ئەم مافیایانە رێگەی نوێ دەگرنەبەر بۆ دەربازکردنی مادەی ھۆشبەر و بەکارھێنانیان."
 
زۆربەی گەنجان لە بەغدا، شەوان لە کافتریاکان کات بەسەر دەبەن. گەنجێک لە یەکێک لە کافتریاکانەوە قسە بۆ تیمی رووداو دەکات و شێوازی پێدانی مادەی ھۆشبەر لەنێو نێرگەلە رووندەکاتەوە.
 
غەیس حەمزە، قوتابییە، دەڵێ "لێرە نا، بەڵکو لەو کافتریایانەی نزیکن لە ناوچە ھەژارنشینەکان، مادەی ھۆشبەر لەنێو نێرگەلە دەکەن بۆ ئەوەی ئاڵوودەبیت، دواتر ئەوان قازانجی دارایی دەکەن، چونکە کاتێک ئاڵوودە دەبێت، پێویست دەکات بەکاریبهێنیت، سەرەتا بێ بەرامبەر پێتی دەدەن، کاتێکیش ئاڵوودە دەبیت، ئیدی بەردەوام پارەت لەسەر زیاد دەکەن."
 
جگەرەی ئەلیکترۆنی، رێگەیەکی دیکەیە بۆ ئاڵوودەبوونی خەڵک بە مادەی ھۆشبەر، ئەوانەی دەیفرۆشن دەڵێن نازانن مادەکانی نێویان چییە و چ کاریگەرییەکی ھەیە.
 
سەفوان قەحتان، فرۆشیاری جگەرەی ئەلکترۆنییە، دەڵێ "ئەو نیکۆتینەی لە ڤەیپەکاندا ھەیە؛ ئایا رێگە پێدراوە یان نا؟ نازانین، پێویستە شتێکی گرنگمان بیرنەچێت ئەویش ڤەیپە ئامادەکراوەکانە، کە سەرچاوەیان چین، ھیندستان و بەنگلادشە، بەڵام نازانین چی تێکراوە."
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادەی ھۆشبەر، تەنیا لە حەوت مانگی رابردوودا لە عێراق، دەست بەسەر 500 کیلۆ تریاک، دوو تۆن حەبی کیپتاگۆن، زیاتر لە سێ ملیۆن حەبی کریستاڵدا گیراوە، ھەروەھا نزیکەی نۆ ھەزار بازرگان و فرۆشیار و بەکارھێنەری مادەی ھۆشبەر دەستگیرکراون.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە