رووداو - بەغدا
پەرلەمانی عێراق هەرسێ پرۆژەیاسای لێبووردنی گشتی، گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان و باری کەسێتیی بە یەکجار خستە دەنگدان و پەسند کران.
کورد چاوی لەوە بوو هەمواری یاسای بودجەش دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام بەهۆی دەستکاریکردنی هەموارەکەوە، دەنگدان لەسەری دواخرا.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دوای 20 ساڵ لە رزگارکردنی لەدەستی رژێمی پێشوو و لەدوای 50 ساڵ لە داگیرکاریی زەوییەکان کورد، تورکمان و لە هەندێک ناوچەش عەرەب، هەنگاوێکی یەکجار گەورەی نا، بەوەی کە تەواوی ئەو بڕیارانەی کە درابوو بۆ داگیرکردنی زەوییەکانی کورد و تورکمان و دانی بە وەزارەتەکان و بە گرێبەست بە هاوردەکان، ئەو بڕیارانە لە پەرلەمانی عێراق هەڵوەشانەوە."
بەپێی یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان، کێشەی هەزاران دۆنم زەویی کورد لە کەرکووک، دیالە، سەلاحەددین و نەینەوا لەگەڵ عەرەبی هاوردە چارەسەر دەبێت. عەرەبی سوننەش بە یاسای لێبووردنی گشتی، دەتوانێت نزیکەی 80%ی گیراوانی لە گرتووخانەکان ئازاد بکات.
تەڵاڵ زوبەیعی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری گوتی، "بێگومان ئەم یاسایانە یاسای تووندوتۆڵن، جێبەجێکردنیان روونە و لێکدانەوە قبووڵ ناکەن، بۆیە دادپەروەری بەرامبەر ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانە دەکەن کە ستەمیان لێ کراوە."
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو کە "ئەو یاسایە کێ دەگرێتەوە؟" تەڵاڵ زوبەیعی گوتی، "زۆر کەس دەگرێتەوە، 80%ی گیراوانی زیندان دەگرێتەوە."
عەرەبی شیعە بە دەنگدان بە دوو پڕۆژەیاساکەی کورد و عەرەبی سوننە، جگە لە تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای پڕ دەنگدانەوەی باری کەسێتی، لە یاسای گەڕانەوەی موڵکیش سوودمەند دەبێت، بەتایبەت لە شارۆچکەی دوجێل و پارێزگای دیالە.
هەوڵە سیاسی و یاساییەکانی کورد، کۆتایی بە بڕیارێکی نیو سەدە لەمەوپێشی ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی سەرکردایەتیی شۆڕش هێنا؛ یاسایەک کە دوای 22 ساڵ لە رووخانی بەعس، لە بەرامبەر تێپەڕاندنی دوو پڕۆژەیاسای شیعە و سوننە، دەنگی پێدرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ