رووداو دیجیتاڵ
فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ جۆشوا هاریس، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق، جەختی لە گرنگیی گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست کردەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی زیندانەکانی سووریا و رێگریکردن لە هەڵاتنی چەکدارانی داعش.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوە، لە دیدارەکەدا، کە ئێوارەی سێشەممە لە بەغدا بەڕێوەچوو، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا و رێگەکانی پەرەپێدانیان لە بوارە جیاجیاکانی سیاسی، ئەمنی و ئابووریدا تاوتوێ کران، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات و هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو وڵات بەهێزتر بکات.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، وەزیری دەرەوە تیشکی خستە سەر جووڵە سیاسییەکانی ناوخۆی عێراق و جەختی لە گرنگیی تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان لە وادەی خۆیاندا کردەوە، بەتایبەتی پێکهێنانی حکومەتێکی کارا کە بتوانێت خواستەکانی هاووڵاتییان بەدی بهێنێت و پاڵپشتیی سەقامگیریی سیاسی و پرۆسەی چاکسازی و گەشەپێدان لە وڵاتدا بکات.
سەبارەت بە بارودۆخی سووریا، فوئاد حوسێن جەختی لە پێویستیی راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان هێزەکانی حکومەت و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کردەوە و داوای کرد هەموو رێوشوێنێکی پێویست بۆ کۆنترۆڵکردنی زیندانەکان بگیرێتە بەر، بۆ ئەوەی رێگری لە هەڵاتنی چەکدارانی داعش بکرێت.
لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا باسیان لە دوایین پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کرد و هاوڕابوون لەسەر بەردەوامیی کاری هاوبەش بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە، لەڕێگەی دیالۆگ و دیپلۆماسییەوە وەکو تاکە رێگە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان، بە ئامانجی بەهێزکردنی ئاشتی و ئاسایشی هەرێمی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ