رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکە و داخرانی فڕۆکەخانەکانی دیکە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە بووەتە تاکە دەروازەی ئاسمانیی کراوەی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەمەش قەرەباڵخی و قەیرانێکی بێوێنەی لێکەوتووەتەوە کە بووەتە هۆی گیرخواردنی هەزاران گەشتیار و دروستبوونی بازاڕێکی رەش بۆ فرۆشتنی تکتی فڕۆکە.
ئایە ئەبو حەمدان، خوێندکارێکی لوبنانییە و لە زانکۆیەکی ئیسفەهانی ئێران دەیخوێند، یەکێکە لەو دەیان گەشتیارەی کە لە ترسی بۆردوومانی چڕی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، وڵاتەکەیان جێهێشتووە. ئەو بە رێگەی وشکانی خۆی گەیاندووەتە عێراق و ئێستا لە فڕۆکەخانەی بەسرە چاوەڕێیە تاوەکو بگەڕێتەوە وڵاتەکەی.
ئایە بە رووخسارێکی ماندووەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەموو کەلوپەلەکانم لە ئێران جێهێشت، تەنیا یەک جانتام هێنا و رامکرد. زۆر ئازارمان چەشت و ماندووبووین، نزیکەی چوار رۆژە لە چاوەڕوانیداین. ئێستاش لە فڕۆکەخانە چاوەڕوانین تاوەکو نۆرەی فڕۆکەکەمان بێت و بگەڕێینەوە لوبنان."
گوشاری سەر فڕۆکەخانەی بەسرە گەیشتووەتە ئاستێک کە تکتی فڕۆکە بە ئاسانی دەستناکەوێت. هەرچەندە نووسینگە فەرمییەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراق جەخت لەوە دەکەنەوە کە نرخی تکت گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە، بەڵام لە بازاڕی رەشدا تکتەکان بە نزیکەی 500 دۆلار گرانتر لە نرخی ئاسایی خۆیان دەفرۆشرێن.
وسام قوڕەیشی، گەشتیارێکی عێراقییە و لە بەغداوە هاتووەتە بەسرە بۆ ئەوەی گەشت بکات، بە تووڕەییەوە باسی دۆخەکەی کرد و گوتی: "تکت نییە، نووسینگەکانیان داخستووە. سیستەمەکە بۆ ماوەی نیو کاژێر دەکرێتەوە و یەکسەر فڕۆکەکە پڕ دەبێت. خەڵک هەیە نەخۆشی هەیە و پێویستی بە گەشتە. گوتیان تەنیا تکتی بزنس ماوە، گوتم قەینا، چونکە باوکم نەخۆشە و ئەگەر لێرە بمێنمەوە، لەوانەیە سێ چوار ڕۆژی دیکە بمرێت."
قەیرانەکە تەنیا هاووڵاتییانی عێراقی نەگرتووەتەوە. عەلی محەممەد، خوێندکارێکی دیکەی لوبنانییە و لەگەڵ گرووپێک هاوڕێیدا لە فڕۆکەخانە چاوەڕێن. ئەو دەڵێت: "نرخی تکت لە 150 دۆلارەوە بووەتە 300 و 400 دۆلار. سێ رۆژە لێرەین و تکتمان دەستنەکەوتووە. ئێمە نزیکەی 15 خوێندکاری لوبنانی دەبین و تەنیا دانیشتووین و چاوەڕێ دەکەین."
بەهۆی ئەم فشارە زۆرەوە، کارگێڕیی فڕۆکەخانەی بەسرە داوای لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق کردووە کە لانیکەم چوار فڕۆکەی زیادەیان لە فڕۆکەخانەی بەغداوە بۆ بنێرن تا بتوانن بارگرانییەکە کەم بکەنەوە.
عەقیل فرێجی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە، رایگەیاند: "ژمارەی فڕۆکە بەردەستەکان بەشی ئەو هەموو گەشتیارە گیرخواردووە ناکات تاوەکو بتوانرێت هەموویان بگوازرێنەوە. هاوکات، دۆخی ئەمنی و ئەگەری جەنگ لە ناوچەکە وایکردووە هێڵە ئاسمانییەکان بە وریاییەوە مامەڵە بکەن، ئەمەش کێشە و بەربەستی زیاتری بۆ گەشتیاران لە بەسرە دروست کردووە."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، فڕۆکەخانەی بەسرە لە رۆژانی ڕابردوودا ژمارەی پێوانەیی لە ئەنجامدانی گەشتی ئاسمانی تۆمار کردووە، بە جۆرێک تەنها لە رۆژی هەینی 21 گەشت ئەنجام دراوە. ئەم گوشارە زۆرە بووەتە هۆی ئەوەی سیستمی کۆمپیوتەریی فڕۆکەخانە "زوو زوو" بوەستێت و بەرگەی گوشارەکە نەگرێت، ئەمەش دۆخەکەی بۆ گەشتیاران و کارمەندانی فڕۆکەخانەکە ئاڵۆزتر کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ