رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی عێراق میکانیزمێکی نوێ بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی ئەو ژنە بیانییانە دادەڕێژێت کە لە زیندانەکاندان و سزای لەسێدارەدانیان نییە، بەتایبەت ئەوانەی منداڵیان هەیە و چارەنووسی رەچەڵەکی منداڵەکانیان نادیارە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق، لەگەڵ 22 باڵیۆز و نوێنەری نێردە دیپلۆماسییەکان لە بەغدا کۆبووەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی رادەستکردنەوەی ئەو ژنە زیندانییە بیانییانە و منداڵەکانیان بە وڵاتەکانیان.
موراد ساعدی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی داد، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو ژنە زیندانییانەی کە پێشتر بەهۆی پەیوەندییان بە داعشەوە دەستگیرکراون و منداڵەکانیان رەچەڵەکیان دیار نییە، پێویستیان بە پشکنینی( DNA)یە بۆ دۆزینەوەی باوک و کەسوکاریان، ئەمەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتیی وڵاتەکانیان دەکرێت بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەکانیان".
موراد ساعدی گوتیشی، ئەم هەنگاوە لەسەر بنەمای "مامەڵەی هاوشێوە" دەبێت لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتننامە دووقۆڵی و فرەلایەنەکاندا، بۆ ئەم مەبەستە، لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتیی خالید شوانی و ئەندامێتی نوێنەرانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، وەزارەتی دەرەوە و راوێژکارێتیی ئاسایشی نیشتمانی پێکهێنراوە.
دەشڵێت: "ئەرکی سەرەکیی لیژنەکە دانانی رێکارێکی وردە بۆ رادەستکردنەوەی ئەو ژنە زیندانییانەی کە سزای لەسێدارەدانیان نییە بە وڵاتەکانی خۆیان، بەپێی ئەو یاداشتنامانەی لێکتێگەیشتن و رێککەوتننامانەی لەنێوان عێراق و وڵاتانی دیکەدا هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ