7 وەزیری عێراق دەچنە پەرلەمان

21-09-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ یەکشەممە 7 وەزیری حکومەتی عێراق دەچنە پەرلەمان، لەوانە وەزیرانی نەوت و بەرگری. 

شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 06:00ـی ئێوارە وەزیرەکان دەچنە کافتریای پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی پەرلەمانتاران داواکاریی خەڵکیان پێ بگەیێنن.
 
ئەو وەزیرانەی ئەمڕۆ دەچنە پەرلەمان پێکدێن لە سابت عەباسی، وەزیری بەرگری؛ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت؛ عەباس مالیکی، وەزیری کشتوکاڵ؛ ئەسیر غرێری، وەزیری بازرگانی؛ عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو؛ هیام یاسری، وەزیری گەیاندن و حوسین عەلی سوڵتانی، سەرۆکی دەستەی زیندانیانی سیاسی، کە پلەکەی وەزیرە.
 
ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق گوتی، لەبری ئەوەی پەرلەمانتاران بچنە لای وەزیرەکان، وەزیرەکان خۆیان دەچنە پەرلەمان و لە نزیکەوە داوا و سەرنج و تێبینی و کێشەکانی خەڵک لە پەرلەمانتاران وەردەگرن بۆ ئەوەی کاریان لەسەر بکەن.
 
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، چوونی وەزیرەکان بۆ پەرلەمان لە سەردەمی سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
 
چوارشەممەی رابردوو پێنج وەزیری حکومەتی عێراق چوونە پەرلەمان، کە بریتیبوون لە زیاد عەلی فازل، وەزیری کارەبا؛ عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆ؛ نەعیم عەبوودی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی؛ ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەران؛ ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی، هەروەها عەمار موسا، ئەمینداریی بەغدا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە