رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی سەرۆکی پارتى سیادە رەخنەی تووندی لە شێوازی رووماڵی میدیای فەرمیی عێراق بۆ رووداوەکانی سووریا گرت و داوای لێپرسینەوەی کرد، ئەنجوومەنی ئەمیندارانی تۆڕی راگەیاندنی عێراقی وەڵام دەداتەوە و رەتیدەکاتەوە هیچ لایەنێکی سیاسی دەستوەردان لە کارەکانیان بکات.
ئەنجوومەنی ئەمیندارانی تۆڕی راگەیاندنی عێراقی لە راگەیێندراوێکدا جەخت لە سەربەخۆیی تۆڕەکە دەکاتەوە و دەڵێت، "بە هەموو شێوەیەک هەر جۆرە دەستوەردان و گوشارێک لەلایەن هەر لایەن و پارتێکی سیاسییەوە رەتدەکەینەوە، کە کاریگەریی لەسەر سەربەخۆیی کاری تۆڕەکە و پەیامە پیشەییەکەی هەبێت."
ئەم راگەیێندراوەی ئەنجوومەنەکە راستەوخۆ دوای لێدوانەکانی خەمیس خەنجەر، سەرۆکی پارتى سیادە دێت، کە تۆڕی میدیایی عێراقی بە "هاندانی تایەفەگەری" تۆمەتبار کردبوو.
لە کاتێکدا خەمیس خەنجەر داوای لێپرسینەوە لە "کەمتەرخەمەکان"ـی نێو تۆڕەکە دەکات، ئەنجوومەنی ئەمینداران لە راگەیێندراوەکەدا پشتیوانیی خۆی بۆ سەرۆک و ستافی تۆڕەکە دووپاتکردەوە و داوای لێکردن، "بەردەوام بن لەسەر جێبەجێکردنی ئەرکە پیشەییەکانیان بە ئازادی و بەرپرسیارێتییەوە، لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکاندا."
ئەنجوومەنەکە هەروەها دەڵێت، سیاسەتی میدیاییان لەسەر بنەمای نیشتمانی و پشتیوانیکردنی دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکان داڕێژراوە و، "بەرز لە هەوڵەکانی تۆڕەکە دەڕوانن بۆ بونیادنانی میدیایەکی نیشتمانیی ئامانجدار."
چیرۆکەکە چییە و خەنجەر چی گوت؟
گۆڕینەوەی ئەم پەیامانە دوای ئەوە دێت، رۆژی چوارشەممە خەمیس خەنجەر لە راگەیێندراوێکدا هۆشداری دایە میدیای فەرمیی عێراق و گوتی: "دەبێت گوتارێکی پیشەیی و هاوسەنگیان هەبێت بەرامبەر ئەوەی لە سووریا روودەدات، دووربکەونەوە لە هاندانی تایەفەگەری و بڵاوکردنەوەی رق و کینە."
سەرۆکی پارتى سیادە ئاشکراشی کردبوو، بۆ لێپرسینەوە لەو کەسانەی لەنێو تۆڕی میدیایی عێراق "کەمتەرخەم بوون"، پەیوەندییان بە سەرکردەکانی 'هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت'ـەوە کردووە.
هۆکاری سەرەکیی تووڕەیی خەنجەر دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوکردنەوەی راپۆرتێک لەلایەن میدیای فەرمیی عێراقەوە لە سۆشیاڵ میدیا بە ناونیشانی "ئاڵاکان گۆڕان، بەڵام بەکەنیزەکردن هەر ماوە".
لەو راپۆرتەدا ڤیدیۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نێو سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر ناوچە کوردییەکان و مامەڵەی نەشیاو لەگەڵ ئافرەتەکان و کچە شەڕڤانانی رۆژئاوای کوردستان پێشاندرابوو، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی "رەفتاریان وەک داعش وایە"، ئەمەش کاردانەوەی لایەنە سوننەکانی لێکەوتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ