دیلان غەفوور: راکان جبووری یەک ملیار دیناری ئاوەدانکردنەوەی بۆ میوانداری خەرجکردووە

22-04-2025
شیراز رەئوف
بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ.
بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات زیاتر لە 10 دۆسیەی "گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و بەهەدەردانی سامانی گشتی" لەسەر راکان جبووری، پارێزگاری پێشووی کەرکووک بە وەکالەت کۆکردووەتەوە. سەرجەم دۆسیەکانیش لەلایەن چاودێریی دارایی عێراق و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە بەدواداچوونیان بۆ کراوە و پشتڕاستکراونەتەوە، بۆیە دەستگیرکراوە.
 
دیلان غەفوور، نوێنەری کەرکووک لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ باسی لەو دۆسیانە کرد، کە بەهۆیانەوە راکان جبووری لەسەری دەستگیرکرا و گوتی: "لە ساڵی 2019ـەوە تائێستا بەردەوام بەدواداچوون بۆ گەندەڵییەکانی جبووری کراوە و بۆ هەر یەکێکیش لەو دۆسیانەی لەسەریەتی، بەڵگەی پێویست پێشکێشکراون و بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەسەر پێکهێنراوە."
 
"بەهەدەردانی سامانی گشتی"
 
دیلان غەفوور ئاماژەی بەوەدا، یەکێک لەو دۆسیانەی کە لەسەر راکان جبووری کراوەتەوە "بەهەدەردان"ی سامانی گشتییە و گوتی: "پارێزگاری پێشووی کەرکووک یەک ملیار دیناری لە پارەی ئاوەدانکردنەوە و بونیادنانەوەی ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەستی داعش بۆ میوانداریی تایبەتی خۆی خەرجکردووە، بەبێ ئەوەی لە رووی یاساییەوە رێگەپێدراو بێت، پارەکەی لە بەندێکەوە گواستووەتەوە بۆ بەندێکی دیکەی خەرجکردن، ئەمە کوفری کارگێڕییە."
 
بەگوتەی دیلان غەفوور، دیوانی چاودێری دارایی عێراق بەدواداچوونی وردی بۆ ئەم دۆسیەیە کرد و بە راپۆرتی فەرمی وەڵامی ئەوانی داوەتەوە، کە راکان جبووری ئەو بڕە پارەیەی لە بونیادنانەوە گواستووەتەوە بۆ خەرجی میوانداری و راپۆرت و بەڵگەکانیش رادەستی دەسەڵاتی دادوەری کراون.
 
یەکێکی دیکە لەو دۆسیانەی کە لەسەر جبووری هەیە پەیوەندی بە دابەشکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانی سەردەمی پەتای کۆرۆنا هەیە لە ساڵی 2020. دیلان غەفوور دەڵێت: "پێویست بوو ئەو پێداویستیانە بە لیژنەی تایبەت بەسەر نەخۆشخانەکاندا دابەش بکرێن، بەڵام پارێزگاری پێشووی کەرکووک بە وەکالەت بەدەر لە یاسا و رێنماییەکان و بەبێ هیچ لیژنە و رێکارێکی کارگێڕی و یاسایی، ئەو پێداویستییانەی بە خواستی خۆی دابەشکردووە."
 
نوێنەرەکەی کەرکووک ئاماژەی بە دۆسیەیەکی دیکە کرد، کە لە دژی راکان جبووری، ئەویش گەڕاندنەوەی ژمارەیەک فەرمانبەرە، کە پێشتر لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە. دیلان غەفوور دەڵێت: "گەڕاندنەوەی ئەو فەرمانبەرانە نایاساییە و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتە لەلایەن پارێزگاری پێشوو."
 
"دەستوەردانی سیاسی"
 
ئەو پەرلەمانتارە بە گوتەی خۆی پێنج ساڵە بەردەوام کار لەسەر لەسەر دۆسیەکانی راکان جبووری دەکات و چەندین سکاڵای لەدژ تۆمارکردووە، بەڵام راکان جبووری  رۆژی دووشەممە، 21ی نیسانی 2025 لە بەغدا دەستگیرکرا. دیلان غەفوور هۆکاری درەنگ کەوتنی بڕیاری دادگەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئامادەکردنی بەڵگەکان و راپۆرتەکانی دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاکی و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کاتیان پێویست بووە، تاوەکو بە تەواوی ئامادە بکرێن، "ئەگینا هیچ دەستوەردانێکی سیاسی لە پشتی دۆسیەکانەوە نییە."
 
دیلان غەفوور رەتیکردەوە دەستگیرکردنی راکان جبووری لەم کاتەدا پەیوەندی بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە هەبێت و بۆ ئەوەی نەتوانێت خۆی بەربژێر بکات و گوتی: "دەستگیرکردنی لەم کاتەدا هیچ رەهەندێکی سیاسی نییە و تەنیا پەیوەندی بە رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانەوە هەیە"
.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، نزیکەی 10 سکاڵا لەسەر راکان جبووری تۆمار کراون، بەڵام لەسەر داوای سکاڵاکارەکان 5 دۆسیەیان گواستراوەتەوە بۆ دادگەی بەغدا، بەهۆی نەجوڵاندنی لە کەرکووک، لەنێو دۆسیەکاندا دوو کەیسی گەندەڵی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکاندا هەن، دۆسیەیەکی دیکەش سەبارەت بەوەیە 21 موڵک بەناوی خێزانەکەیەوە  تەنیا لە یەک گەڕەکی کەرکووک تۆمارکراون و گومان دەکرێت گەندەڵی تێدا کرابێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.

گوتێرێز لەبارەى کەمپى هۆل و رۆژ نامەیەک بۆ سوودانى دەنێرێت

سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان نامەیەک لەبارەى هەردوو کەمپى هۆل و رۆژ لە رۆژئاواى کوردستان بۆ محەمەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق دەنێرێت و باس لە پرسى گەڕانەوەی عێراقییەکانى ئەو دوو کەمپە و گرنگیى شیاندنەوەیان دەکات.