فرۆشتنى دۆلار بە نرخى فەرمى لە عێراق دەکرێتە نزیکەى حەوت ئەوەندە

22-04-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بانکى ناوەندى، بڕى فرۆشتنى دۆلار بۆ گەشتیاران و ئەوانەى بۆ چارەسەر دەچنە دەرەوەى وڵات دەگەیێنێتە 20 هەزار دۆلار، کە پێشتر سێ هەزار دۆلار بووە.
   
بەگوێرەى نووسراوێکى بانکى ناوەندیى عێراق کە 21ى نیسانى 2025 ئاڕاستەى چەند بانکێکى کردووە رێنمایی نوێى پێداون لە بارەى فرۆشتنى دۆلار و راکێشانى پارە لە دەرەوەى وڵات.
 
پێشتر بانکی ناوەندی 3000 دۆلاری دەدایە ئەوانەی گەشتی دەرەوەیان دەکرد، بەڵام بە گوێرەی نووسراوەکە ئەو بڕە بۆ پێنج هەزار دۆلار زیاد دەکرێت. ئەو زیادکردنە دراوەکانى دیکەش دەگرێتەوە کە بانکى ناوەندى بە نرخى فەرمى دەیانفرۆشێت. 
 
بانکى ناوەندیى عێراق 100 دۆلار بە  130 هەزار و 500 دینار دەداتە گەشتیارەیان، هەروەها 100 دۆلار بۆ 131 هەزار دینار دەداتە بارزگانان بۆ بازرگانی دەرەکی.
 
بەگوێرەى نووسراوەکە گەشتیاران دەتوانن 20 هەزار دۆلار بە نرخى فەرمى لە بانکى ناوەندى بکڕن، بەو پێنج هەزار دۆلارەی کە لە فڕۆکەخانەکان پێیان دەدرێت. 
 
هێڤیدار شەعبان، راوێژکارى دارایی و بانکى بە رووداوى گوت: "بە گوێرەى ئەو بڕیارە، گەشتیاران پێنج هەزار دۆلاریان لە فڕۆکەخانەکان بە نەختینەیی پێدەدرێت و لەو شوێنەى گەشتى بۆ دەکەن دەتوانن تاوەکو 20 هەزار دۆلار بە نرخى فەرمى بکڕن، بەڵام دەبێت کارتی گەشتیارەکە ئەو بڕى دینارەى تێدابێت بۆ کڕینەوەی 20 هەزار دۆلارەکە".
 
بەگوێرەى نووسراوەکە، ئەو پارەیە بۆ چەند بوارێکى دیاریکراو رێگە پێدراوە کە خەرج بکرێت لەوانە کۆمپانیاکانى فڕۆکەوانى، هۆتێل و بەکرێگرتنى ئۆتۆمبێل.
 
هەمان بڕە پارە بۆ گەشتى چارەسەرى تەندروستى کراوە بە 50 هەزار دۆلار بەو پێنج هەزار دۆلارەشەوە کە لە فڕۆکەخانەکان دەیاندرێتێ کە بۆ نەخۆشخانە، نۆرینگە، دەرمانخانەکان بەکاردێت.
 
بۆ خانەنشینانیش زیادکردنی پارەکە لە سێ هەزار دۆلارەوە بۆ 10 هەزار دۆلار دەبێت، بەو مەرجەى کارتى بانکى مووچەى خانەنشینى هەبێت. 
 
بە گوتەى هێڤیدار شەعبان ئەو بڕیارە لە 7ى ئایارى 2025ەوە جێبەجێ دەکرێت.
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە