لە پارێزگای سەلاحەددین بەبێ پشکنین رێگە بە تێپەڕبوونی ئاژەڵ نادرێت

22-04-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاى سەلاحەددین بڕیاری دا بەبێ پشکنین رێگە بە چوونە ناوەوەى مەڕوماڵات بۆ ئەو پارێزگایە نادرێت، لەو شوێنانەى کە تاى خوێنبەربوونى تێدا بڵاوبووەتەوە.
 
ئەو بڕیارە لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەددینەوە دراوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 22ى نیسانى 2025 یاسین داوودى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەددین بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "بڕیارە ئەمڕۆ چەند راسپاردەیەک رابگەیێندرێت بۆ رێگرى لە بڵاوبوونەوەى تاى خوێنبەربوون. هێزە ئەمنییەکان بە نووسراو ئاگادارکرانەوە لەوەى رێگە نەدەن لە بازگەکانەوە مەڕوماڵات لەو پارێزگایانەوە بێتە سەلاحەددین، کە تاى خوێنبەربوونیان تێدا بڵاوبووەتەوە."
 
ئەم ساڵ 19 تووشبووى تاى خوێنبەربوون تۆمار کراون، 7یان لە زیقار بوون، چوار تووشبوو لە کەرکووک تۆمار کراون، کە دووانیان گیانیان لەدەستداوە، تووشبووەکانى دیکە لە موسەننا و نەینەوا، بەسرە، بەغدا، میسان و واست بوون.
 
یاسین داوودى ئاماژەى بەوە دا، ئەو مەڕوماڵاتانەى بۆ سەلاحەددین دەبرێن، پێویستە پشکنینى ڤێتێرنەرییان بۆ کرابێت و سەلمێندرابێت تووشى تاى خوێنبەربوون نەبوون.
 
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، هەندێکجار دەبێتە هۆى مردنى تووشبووەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە