رووداو دیجیتاڵ
دەستەی نیشتمانیی چاودێریی ئەتۆمی، تیشکی، کیمیایی و بایۆلۆژیی عێراق رایگەیاند، دوای ئەو هێرشە ئاسمانییانەی کراونەتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، هیچ پیسبوونێکی تیشکی لە عێراق تۆمار نەکراوە و سەرجەم پێوەرەکان ئاسایین.
ئەندازیاری ئەتۆمی فازڵ حاوی مزبان، سەرۆکی دەستەکە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ژووری ئۆپەراسیۆنی ناوەندی فریاکەوتنی تیشکی و ئەتۆمی، لە چوارچێوەی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی خۆیدا، لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی بۆردوومانە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە 13ی حوزەیرانی 2025ـەوە، رێوشوێنی پێویستی گرتووەتەبەر.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئەمریکا لە رێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی لە ئێران کردە ئامانج.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەگوێرەی پێشهاتەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 22-06-2025 و لە ئەنجامی ئەو هێرشە ئاسمانییانەی کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کران، "لە رێگەی چاودێریکردن و پشکنینی پێوەرەکانی سیستمی چاودێریی تیشکی، ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و پێوەرەکانی تیشکی لە دەروازە سنوورییەکان، هیچ پیسبوونێکی تیشکیی بەرچاو تۆمار نەکراوە."
دەستەکە جەختدەکاتەوە، "سەرجەم پێوەرەکان لە چوارچێوەی ئاستی ئاسایی تیشکدانەوەی سرووشتیدا بوون، ئەمەش هەمان ئەو شتەیە کە لە سەرەتای قەیرانەکەوە لە شیکردنەوەی رووداوەکاندا ئاماژەمان پێکردبوو."
د. سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تائێستا لە ئامێری پشکنین و تۆمارکردنی پیسبوونی ژینگە بە تیشکدانەوە ئەتۆمییەکان، هیچ تیشکدانەوەیەک تۆمار نەکراوە."
لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، رانیە و زاخۆ ئامێری پشکنینی پیسبوونی هەوا لە تیشکدانەوە ئەتۆمییەکان دانراون.
لەبارەی هێرشەکەیانەوە بۆ سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "زۆر سەرکەوتوو بووە."
دوای هێرشەکەی ئەمرۆ، دەزگای سەلامەتیی ئەتۆمیی ئێران رایگەیاند، خەڵک نیگەران مەبن و لە دەوروبەری بنکە ئەتۆمییەکان بەشێوەیەکی ئاسایی بژین و تیشکدانەوە تۆمار نەکراوە.
ئامێرەکانی پشکنینی تیشکدانەوەی ئەتۆم لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێگیرکراون، لە یەک کاتدا و پێکەوە پشکنین بۆ هەوا دەکەن و لە هەبوونی تیشکی ئەتۆمیدا فەرمانگەکان ئاگادار دەکەنەوە.
زیانی تیشكدانەوەی ئەتۆم بەگوێرەی نزیکیی ناوچەکان کاریگەریی هەیە. کاریگەرییەکانی کوشندەن بۆ تەندروستیی مرۆڤ، ژینگە، خۆراک، خاک و ئاو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ