رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەیان هاووڵاتی کە زۆربەیان لایەنگری رەوتی سەدر بوون، هەوڵیاندا بچنە سەر باڵیۆزخانەی دانیمارک لە بەغدا و هێزە ئەمنییەکانیش رێگرییان لێکردن. وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش دوو راگەیێندراوی بڵاوکردەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 22-07-2023، دەیان هاووڵاتیی عێراقی کە زۆربەیان لایەنگری رەوتی سەدر بوون، خۆپێشاندانیان کرد و هەوڵیاندا بچنە سەر باڵیۆزخانەی دانیمارک لە ناوچەی سەوزی شاری بەغدا، ئەوەش دوای ئەوەی گرووپێک لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە کۆپنھاگنی پایتەختی دانیمارک کۆپییەکی قورئانی پیرۆزیان سووتاند و سوکایەتییان بە ئاڵای عێراق کرد.
خۆپێشاندەران دروشمی جیاوازیان دژی دانیمارک گوتەوە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە لەسەر پردی کۆماری رێگریان لێکرا، بۆ ماوەیەک گرژی لەنێوان هەردوولا دروستبوو و دواتر خۆپێشاندەران پاشەکشەیان کرد.
لەوبارەوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بە تووندترین شێوە بێڕێزیکردن بە قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراقی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، "ناکرێت ئەم جۆرە کارانە لە چوارچێوەی ئازادی رادەبڕین بکرێن".
وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کرد بەپەلە کاردانەوەی هەبێت و رێگە لە دووبارە بوونەوەی ئەو کارانە بکات " کە ئاشتی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی لە جیهاندا" دەخەنە مەترسییەوە.
لە راگەیێندراوێکی دیکەدا، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، "وەزارەتی دەرەوەی عێراق پابەندە بە رێککەوتننامەی ڤیەننا بۆ رێکخستنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان وڵاتان. حکومەتی عێراق بەرپرسیارە لە پارێزگاری و پاراستنی ئاسایشی نێردە دیپلۆماسییەکان".
ئەحمەد سەحاف راشیگەیاند، "ئەوەی باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا رووبەرووی بووەوە، ناکرێت رێگە بە دووبارە بوونەوەی بدرێت. هەر کارێکی لەو شێوەیەش لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت".
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە، رۆژی هەینی، 21-7-2023 ئەندامانی گرووپێکی تووندئاژۆ لە دانیمارک بە ناوی "Danske Patrioter" [نیشتمانپەروەرانی دانیمارکی] لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە کۆپنھاگن قورئانی پیرۆزیان سووتاند.
ئەندامانی ئەو گرووپە کە دروشمیان دژی ئیسلام گوتەوە، بێڕێزییان بە قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق کرد. دواتر هەر هەمان گرووپ قورئانی پیرۆزیان سووتاند. ئەو خۆپێشاندانە لە ژێر رێوشوێنی ئەمنیی تووندی پۆلیس بەڕێوەچوو. وەک گرووپەکە خۆیان دەڵێن، "دژی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە عێراق"، قورئانی پیرۆزیان سووتاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ