رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمشەو ( 2ى کانوونى یەکەمى 2025) هاوپەیمانیی چوارچێوەى هاوئاهەنگى کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی داهاتووى عێراق، لەگەڵ ئەو دەستپێشخەرییەی کە لیستی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لەبارەی هەمان پرس پێشکێشی کردووە.
دووشەممە 22ی کانوونی دووەمی 2025، رەحیم عەبوودی، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی رەوتی حیکمە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆبوونەوەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەمشەو لە ماڵی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەکرێت بۆ تاوتوێکردنی پرسی بەربژێری سەرۆکوەزیران".
رەحیم عەبوودی گوتیشی: "تاوەکو ئێستا سێ بەربژێری فەرمی هەن کە نووری مالیکی، محەممەد شیاع سوودانی و حەیدەر عەبادی-ین، هەروەها ژمارەیەک بەربژێری دیکەی سێبەر هەن کە بە فەرمی رانەگەیێنراون".
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە 17ی تشرینی دووەم دوو لیژنەی پێکهێنا؛ یەکێکیان بۆ یەکلاییکردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی داهاتوو و ئەوی دیکەیان بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
عەقیل فەتلاوى، گوتەبێژى هاوپەیمانىی دەوڵەتى یاسا بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ویست هەیە بۆ یەکلاکردنەوەى بەربژێرى سەرۆکوەزیران، بەڵام بڕیارێک نییە بۆ ئەوەى لە کۆبوونەوەى ئەم شەودا یەکلا بکرێتەوە"
لیستە شیعەکان لە هەڵبژاردنی 11ی تشرینی دووەمی پەرلەمانی عێراق زیاتر لە 180 کورسییان بەدەستهێنا و گەورەترین فراکسیۆنیان بۆ پێکهێنانی حکومەت پێکهێناوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لەسەر بەربژێریان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێ رێکنەکەوتوون.
ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی رەوتی حیکمە رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، تاوتوێی دەستپێشخەرییەکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان دەکرێت لەبارەی بەربژێری سەرۆکوەزیران، بەڵام وردەکاریی دەستپێشخەرییەکە نەزانراوە.
هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە محەممەد شیاع سوودانی سەرکردایەتیی دەکات، رۆژی یەکشەممە 21ی کانوونی دووەم دەستپێشخەرییەکی "نیشتمانی و گشتگیر"ی بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی و یەکلاکردنەوەی پرسی سەرۆکوەزیران راگەیاند.
هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا 46 کورسی بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ